ئابووری سەری ئەزموونەكە دەخوات!

كاروان یاروەیس


29/12/2020

    نەیارانی كورد، لەباتی بژاردەی باوی پەلاماری سەربازی و لەشكركێشی بۆ داگیركردن و لەناوبردنی قەوارە كوردییەكان، كە ڕێگایەكی گونجاو نییە و ناڕەزایی نێودەوڵەتیی لێدەكەوێتەوە، ئێستا بژاردەی پیلانی ئابووری بەكاردەهێنن، كە بەهێواشی قەوارەی هەرێم بەرەو قەیرانێكی قووڵ دەبات و بەو هۆیەوە ناچاری سازشی گەورەی دەكەن.

بەهۆی گەندەڵیی كارگێڕیی و دارایی و خراپی گوزەرانی خەڵك و كەڵەكەبوونی گرفت و كەموكورییەكانی حوكمڕانیی، زەمینەی جێبەجێكردنی پیلانی ئابووری دەرهەق بە هەرێمی كوردستان لەبارترە. 
  
بەپێچەوانەوەی ئەوەی كە لایەنگرانی ئابووری سەربەخۆ بۆ هەرێمی كوردستان، پێیانوابوو كاتێ‌ هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی ئابوورییەكی سەربەخۆ، زیاتر دەتوانێ‌ پارێزگاری لەخۆی بكات و پێشبكەوێت، زیاتر لە حەوت ساڵە كوردستانی بردۆتە تونێلێكی پڕ لە قەیران و كێشە و ئەوسەری دیارنییە.

   كۆبونەوەكانی كازمی لە توركیا، بڕیارەكانی ناو پرۆژەی شامی گەورە، گفتوگۆی ژێربەژێری عێراق و ئەمریكا، دانوستاندنی درێژخایەنی وەفدی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، ئاماژەن بۆ ئەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبێتەوە، تا ڕادەی ئەوەی چارەنووسی قەوارەكەش بخاتە مەترسییەوە.
 
   حكومەتی عێراق كە گیرفانی و نە سیاسەتیشی رێگەی پێی نادەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێكبكەوێت، لایەنە سیاسییەكانی عێراقیش سەرباری بیركردنەوەی تەسكی نەتەوەیی و ئاینزایی هەندێكیان، نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنیش هاندەریان نییە، تا لە ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژە یاسای بودجە بەو شێوەیە تێپەڕێنن، كە كورد حەزی لێیەتی. 

  كەواتە بژاردەی (B) بۆ حكومەتی هەرێم بریتییە لە:

1.لایەنە سیاسییەكان رێكبكەون، پارتی كە سەرۆكایەتی حكومەت دەكات، دەستپێشخەری بكات، بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان.  بەتایبەتی لەم كابینەیەدا زەمینەی كاری پێكەوەیی و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان و شەراكەتی ڕاستەقینە لەبارنییە.

2.چاكسازی ڕاستەقینە لە داهات بكرێ‌ و شەفافیەت لە فرۆشتنی نەوت هەبێت. بێگومان ئەمەیش پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە هەیە.

3.هەمەچەشن كردنی سەرچاوەكانی داهات لە كوردستان، بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ، پیشەسازی.

   بەدەر لەمانە، دۆخەكە وەك ئەوەی چەند ساڵە هەیە بەردەوام نابێت، گەیشتۆتە قۆناغی یەكلایی كردنەوە.