ترەمپ وازناهێنێت!

كـــارۆخ خۆشناو


04/01/2021


هەڵبژاردنەكانی ئەم ساڵی سەرۆكایەتی ئەمریكا (پڕ كێشەترین و پڕ سكاڵاترین و سەیر و سەمەرەترین) پڕۆسەی هەڵبژاردن بوو لە مێژووی ئەمریكادا، ئەویش بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لەلایەك، هەروەها هەڵسوكەوت و لێدوان و بانگەشە ناوازەكانی (تڕەمپ) لەلایەكی تر.

پڕۆسەی هەڵبژردنی سەرۆكی ئەمریكا لە هەموو وڵاتانی جیهان جیاوازتر و ئاڵۆزترە و كاتێكی زۆرتری دەوێت، بە جۆرێك كەوا لە سەرەتای پڕۆسەكەوە تا كۆتایی پڕۆسەكە نزیكەی (18) مانگ دەخایەنێت، بەڵام دەستوری ئەمریكا هەموو قۆناغەكانی پڕۆسەكەی بە ڕوونی ڕەنگ ڕێژكردووە،  هەر لە سەرەتای پڕۆسەكەوە كاتێك لە هەڵبژاردنی گشتیدا خەڵكی ئەمریكا دەستەی هەڵبژاردن (ئیلیكتۆڕاڵ كۆڵیج) هەڵدەبژێرن، تا كۆتای پڕۆسەكە و سوێند خواردن و دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەڵبژێردراو.

ئەگەرچی (دۆناڵد تڕمپ) لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی مانگی ڕابردوو شكستی هێنا، بەڵام تاكو ئێستا ئامادە نەبووە دان بە شكستی خۆیدا بنێت و پیرۆزبایی لە (جۆ بایدن) بكات، ئەگەرچی ئەم پیرۆزبایكردن و دان بەشكستنانە ئەركێكی یاسایی نیە لە ئەستۆی تڕەمپ، بەڵام عورفێكی دیموكراسی لەمێژینەی ئەمریكا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوو مانگی ڕابردوودا تڕەمپ لە كۆشكی ڕایگەیاند "ئەگەر دەستەی هەڵبژاردن (ئیلیكتۆڕاڵ كۆلیج) بایدن هەڵبژێرن، ئەوا دەسەڵات ڕادەستی بایدن دەكات و كۆشكی سپی بەجێ دەهێڵێت"

دوای ئەوەی لە ڕۆژی سێشەممە (2020/11/3) دەستەی هەڵبژاردن لەلایەن خەڵكی ئەمریكاوە هەڵبژێردران، دواتر لە ڕۆژی دووشەممە (2020/12/14) دەستەی هەڵبژاردنی ولایەتەكان كۆبوونەوە و دەنگیاندا، لە ئەنجامدا بەربژێری دیموكراتەكان (جۆ بایدن) توانی (306) دەنگی (دەستەی هەڵبژاردن) بەدەست بهێنێت، لە بەرامبەردا (دۆناڵد تڕەمپ) توانی تەنها (232) دەنگی ئەم دەستەیە بەدەست بهێنێت، واتە دەستەی هەڵبژاردن بە فەرمی (جۆ بایدن) بە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا هەڵبژارد و (دۆناڵد تڕەمپ)یش دوای ڕەتكردنەوەی سەرجەم سكاڵاكانی لەلایەن دادگای باڵا (Supreme Court) بە فەرمی دۆڕا و بەتەواوی نائومێد بوو لە دەرەنجامی سكاڵاكان و هەوڵ و كۆششەكانی تیمی یاسایی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بۆیە دوا هەوڵی تڕەمپ لە ڕێگای فشاری شەقامەوە دەبێت، هەروەك لە تویتەردا داوای لە دەنگدەرانی كرد ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) بڕژێنە سەر شەقامەكان، بۆچی چوارشەممە؟

چونكە ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) دوا قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا لە كۆنگرێس بەڕێوەدەچێت، ئەویش لە ڕێگای كۆبوونەوەی هەموو ئەندامانی كۆنگرێس (ئەنجومەنی پیران و نوێنەران) بە مەبەستی پەسەندكردنی (دەنگەكانی دەستەی هەڵبژاردن) و بە فەرمی ڕاگەیاندنی براوەی هەڵبژاردنەكان و ناساندنی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا.

ئەگەرچی لە ئێستادا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕوون و ئاشكران، بەڵام بە گوێرەی مادەی (2)ی دەستوری ئەمریكا، پێویستە ئەم هەنگاوانە ئەنجام بدرێن بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات كە دواهەمین هەنگاو لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی (2021/1/20) ئەنجام دەدرێت، ئەویش بریتیە لە ڕێوڕەسمێكی شایستە (Inauguration Day) كە تیایدا سەرۆكی هەڵبژێردراو (جۆ بایدن) لەبەردەم كۆنگرێسی ئەمریكا سوێندی یاسایی دەخوات و دەسەڵاتەكان لە (دۆناڵد تڕەمپ) وەردەگرێت.

دیموكراسیەتی ئەمریكا لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدا دەبێت، چونكە دۆناڵد تڕەمپ تاكو ئێستا ئامادە نیە دەسەڵاتەكانی ڕادەست بكات، لەم چوارچێوەیەدا بە هاوكاری (11) سیناتۆر فشار دەكات بۆ ئەوەی ئەنجامەكان بگۆڕێت، وەك ئەو فشارەی كە لە ڕۆژی شەممە (لە ڕێگای پەیوەندیەكی تەلەفۆنی یەك سعاتی) لە دەسەڵاتدارانی ولایەتی جۆرجیای كرد، دوێنێش ڕۆژنامەی واشنتن پۆست پەیوەندیەكەی بڵاوكردەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی جۆرجیا (ئەگەرچی كۆمارین و سەر بە پارتەكەی تڕەمپن) بەڵام ئامادە نەبوون بچنە ژێر فشاری تڕەمپ، لەبەر ئەوە تڕەمپ نا ئومێد بووە و تەنها ڕێگا لەبەردەمیدا مابێت ورووژاندنی شەقامی ئەمریكایە بەمەبەستی كۆسپ دروستكردن بۆ پڕۆسەی دەستبەكاربوونی (بایدن) و ڕادەستنەكردنی دەسەڵات، بەم هەڵسوكەتەشی تڕەمپ دەبێتە یەكەم سەرۆكی ئەمریكا (جیاواز لە 44 سەرۆكەكەی پێش خۆی) كە ئامادە نیە واز لە كورسی كۆشكی سپی بهێنێت و دەستبەرداری دەسەڵاتەكانی بێت، بەم شێوەیە تڕەمپ دەبێتە یەكەم سەرۆكی ئەمریكا كە بە عەقڵیەتێكی هاوشێوەی سەرۆكە ڕۆژهەڵاتیەكان بیربكاتەوە و ئەگەر بۆی بچێتە سەر تا كۆتایی ڕۆژەكانی وەك سەرۆكی ئەمریكا بمێنێتەوە، بەڵام بە (هێزی) دەستور و (پتەوی) ڕەگ و ڕیشەی دام و دەزگاكانی ئەمریكا، ڕێگرن لە بەدیهاتنی خواستە تاكڕەویەكانی تڕەمپ.

بەهۆی سەركێشیەكانی تڕەمپ (كۆماریەكان) جگە لە دۆڕاندنی كۆشكی سپی، ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان دۆڕاندووە، ئەگەر هەیە سبەی سێشەممە لە پڕۆسەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ولایەتی جۆرجیاش دیموكراتەكان سەركەوتن بەدەست بهێنن، لەم حاڵەتەشدا دیموكراتەكان دەبنە براوەی كورسی كۆشكی سپی و  هەردوو ئەنجومەنی كۆنگرێسی ئەمریكا (ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران).