قاسم سولەیمانی نهێنییه‌كانی نه‌برده‌ گۆڕه‌وه

عارف قوربانی


پێش 2 هەفتە

 ئه‌گه‌ر هه‌ر كاره‌كته‌رێكی سیاسی درك به‌وه‌ نه‌كات كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م پیلان و پێشهات و هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیداردایه‌، و ئه‌و راستییه‌ش نه‌بینێت كه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ كێشه‌ و هۆكاره‌كان ناوخۆیین و په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆیان به ‌ناكۆكی نێوان پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌بێت گومان له‌ دروستی بیر و هۆشی بكه‌ین. كه‌واتە ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ‌ لانی كه‌می به‌شێكی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان دووربخه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت ده‌ست بۆ رێگە ئاسانه‌كه‌ ببرێت كه‌ ئه‌ویش یه‌خه‌پێگرتنی ئه‌م دوو حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌ی كوردستانه‌.
 
تێكچوونی په‌یوه‌ندی و هاوسه‌نگیی نێوان ئه‌م دوو هێزه‌ سیاسییه‌ له‌ رابردوودا رێگه‌ی بۆ زۆر رووداو خۆشكرد كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ گه‌لی كوردستان تیایدا زه‌ره‌رمه‌ند بوون و ئاستی بێمتمانه‌یی نێوان خۆشیانی فراوانتر كرده‌وه‌. بۆ داهاتووش ئه‌وه‌ی ئاو ده‌كاته‌ ئاشی خێراتركردنی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌سه‌رمانن، ئه‌و ناكۆكی و ململانێیانه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتین. وه‌ك چۆن ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌ و ناتوانرێت نكوڵی لێبكرێت، ئه‌وه‌ش هه‌ر راسته‌ كه‌ پێكه‌وه‌بوون و یه‌كهه‌ڵوێستی ئه‌م دوو حیزبه‌ كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌، یان ده‌بێته‌ هۆكاری دواخستنی زۆر هه‌ڕه‌شه‌ كه‌ دوور نییه‌ زه‌مه‌ن و كات به‌ قازانجی كوردستان هه‌ڵیان بگێڕێته‌وه‌.
 
هیچ گومانیشی تیا نییه‌ كه‌ ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه ‌و هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ش كێشه‌ی جۆراوجۆریان زۆره‌، چ له‌ناو هه‌ناوی خۆیان و چ له‌نێوان یه‌كدیشدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا كردوویانه‌تە‌ پاساو و رووپۆشی كۆی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانیان، 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌یه‌ كه‌ له‌ شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 كه‌وتوونه‌ته‌وه‌. 
 
لێره‌دا و له‌پێناوی ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ ته‌مومژ و به‌ ئامانجی هاندانی هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی نێوانیان و پێكه‌وه‌بوون و یه‌كهه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌ داهاتوودا دێنه‌ رێی گه‌لی كوردستان، یاخود بۆ به‌ئاگاهێنانه‌وه‌یان كه‌ نه‌بنه‌ ئامرازی به‌كاربراو له‌و پرۆژه‌ مه‌ترسیدارانه‌ی دژی كورد له‌ ئارادان، به‌شێكی كه‌م له‌و زانیاریی و راستییانه‌ی له‌ یاده‌وه‌ریی و ئه‌رشیفه‌كانمدا كۆمكردوونه‌ته‌وه‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو، هه‌رچه‌نده‌ له‌لای خۆم وام دانابوو بۆ بیره‌وه‌ری یان ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بوو رۆژێك كتێبێك له‌و باره‌یه‌وه‌ بنووسم، به‌ڵام تێبینی ئه‌وه‌مكردووه‌ كه‌ ناكۆكییه‌كانی ئێستای نێوان ئه‌م دوو هێزه‌ ئه‌گه‌ر به‌ری پێنه‌گیرێت به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌ك ده‌ڕوات ده‌بێت چاوه‌ڕوانی رووداوگه‌لی له‌ شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر خراپتر بكه‌ین. 
 
جا له‌پێناوی وروژاندنی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م دوو حیزبه‌ و بۆ رێگریی له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسیدارانه‌، چه‌ند سه‌ره‌داوێك بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان ده‌خه‌مه‌ پێشچاویان. 
 
پێش هه‌رشت ده‌مه‌وێ‌ بڵێم 16ی ئۆكتۆبه‌ر وه‌ك ده‌رئه‌نجام، نه‌ك وه‌ك پرۆسه‌، چاوه‌ڕوانكراو بوو. ده‌مه‌وێ‌ به‌ پارتی و یه‌كێتیی بڵێم 16ی ئۆكتۆبه‌ر هێزێكی به‌ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی كورد ئه‌نجامیدا و ئه‌گه‌ر ئه‌و ژینگه‌یه‌ی پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ناوخۆی كوردستان ره‌خساندبووتان و تاوەکو ئێستاش به‌رده‌وامه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ن، چه‌ندین رووداوی دیکە له‌ پێشمانه‌ و مه‌ترسییه‌كان هه‌ر ئه‌وانه‌ نین تێمان په‌ڕاندوون، به‌ڵكو له‌ به‌رده‌ممانن.
 
دوو ساڵ هێشتنه‌وه‌ی گوندی به‌شیر به‌ده‌ستی داعشه‌وه ‌و رێگه‌نه‌دان به‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ رزگاری بكات، په‌یڕه‌وكردنی گه‌مه‌ی (مشك و پشیله‌) له‌نێوان حه‌شدی شه‌عبی و داعش له‌ به‌شیر له‌سه‌ر دڵی كه‌ركوك، هه‌روه‌ها دواخستنی ده‌ركردنی داعش له‌ حه‌ویجه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ و هێشتنه‌وه‌ی بۆ دوای ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ، ئاماژه‌ی بێگرێ و گۆڵن بۆ كه‌سانێك كه‌ به‌شی ئه‌وه‌ هه‌ستی سیاسییان هه‌بێت كه‌ ئه‌وه‌ پیلان بوو بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌وه‌ی كه‌ركووك دوای شه‌ڕی داعش. لێدوانی چه‌ندباره‌بووه‌وه‌ی سه‌رانی عێراق به‌وه‌ی دوای داعش ده‌بێت كورد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش هاتنی داعش و وه‌ڵامه‌كانی سه‌رانی كورد به‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی به ‌خوێن گرتوومانن چۆڵیان ناكه‌ین، له‌ خوتووخۆڕا نه‌بوون. 
 
تێكچوونی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا و گۆڕینی هه‌ڵوێستی توركیا به‌رامبه‌ر به‌ رۆژئاوای كوردستان، گوشاره‌كانی ئێران له‌سه‌ر به‌غدا بۆ لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مانه ‌و زۆر شتی دیکە په‌یوه‌ندییان به‌ باڵاكردنی كورد و زیاتر ده‌ركه‌وتنی كورده‌وه‌ هه‌بوو له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌ و ناسینی كورد و كێشه‌كه‌ی له‌ ئاستی نێووده‌وڵه‌تی. 
 
واتا به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌یه‌ككاتدا كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌ره‌و گه‌شه‌كردنێكی خێرا رۆیشت، له‌ باكووری كوردستان گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كی سیاسییه‌وه‌ كه‌ ده‌ربڕی كێشه‌ی كورد بێت له‌ توركیا توانیی هه‌شتا كورسی به‌ده‌ست بهێنێت و ده‌میرتاش وه‌ك تاكه‌ ركابه‌ری ئەردۆغان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار كه‌وته‌ پێشچاوی جیهان، له‌ باشووری كوردستانیش بۆ یه‌كه‌مینجار هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری جوگرافیای كوردستانی كه‌وته‌ بنده‌ست و كورد ده‌ستی گه‌یشت به‌ كه‌ركووك و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی، جموجوڵی سیاسیی كورده‌كانی رۆژهه‌ڵات زیاتربوون و چالاكیی پێشمه‌رگانه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌، ناوه‌ندە لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ناوبانگه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌ توێژینه‌وه‌كانیاندا ئاماژه‌ی ئه‌گه‌ر و پێشهاتی گۆڕانی گه‌وره‌یان له‌ناوچه‌كه‌ ده‌خسته‌ڕوو كه‌ یه‌كێك له‌ ده‌ركه‌وته‌كانی دروستكردنی ده‌وڵه‌تێك ده‌بێت بۆ كورده‌كان. 
 
ئه‌مانه‌ پێكه‌وه‌ و به‌قۆستنه‌وه‌ی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی به‌ریتانیا وه‌ك پاسه‌وانی ئه‌و سیسته‌مه‌ جیهانییه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه‌ی به‌و جۆره‌ داڕشتبوو له‌ سایسك پیكۆ، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پیلانگێڕییانه‌ن كه‌ توركیا و ئێران به‌ نوێنه‌رایه‌تیی عێراق و سووریا و دژ به‌ كورده‌كان ده‌یگێڕن و 16ی ئۆكتۆبه‌ر یه‌كێك له‌ ده‌ركه‌وته‌كانی پیلانه‌كانیان بوو، له‌ داهاتوودا شایه‌تی رووداوی ناخۆشتریش ده‌بین.
 
ئامانجه‌كه‌ش هێشتنه‌وه‌ی كێشه‌ی كورده‌ له‌ژێر ده‌ستی خۆیان و بچووكردنه‌وه‌ و لاوازكردنی پێگه‌ی كورده‌ له‌ ناوچه‌كه‌ تاوەکو لایه‌نی ده‌ره‌كی و هێزه‌ نێووده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ك ئامرازی راگرتنی هاوسه‌نگی و یاریكردن به‌ هاوكێشه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان نه‌توانن سوودی لێببینن. 
 
توركیا و ئێران بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی بچووكردنه‌وه‌ی كورد كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یان گرێدا. ژووری تایبه‌تیان له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و ده‌زگاكانی هه‌واڵگریی هه‌ردوولا دروستكرد، كه‌وتنه‌ داڕشتنی نه‌خشه‌ و پلان و هاوئاهه‌نگی یه‌كدی له‌ ئاستی ناوخۆیی و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی. 
 
هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ سووریا روویاندا و له ‌داهاتوودا رووده‌ده‌ن په‌یوه‌ست به‌ پرسی كورده‌وه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان، به‌ ئاگاداریی و ره‌زامه‌ندیی ئێران بووه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ باشوور روویاندا له‌ گرتنی كه‌ركووك و ئه‌وه‌ی له ‌داهاتووشدا ده‌گوزه‌رێت به‌ ره‌زامه‌ندیی توركیایه‌. 
 
هه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا من له‌ توركیا بووم له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگام له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان ئەردۆغان و به‌ره‌ی توركمانی بوو، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ئەردۆغان به‌ توركمانه‌كانیدا له‌سه‌ر كه‌ركووك به‌ وه‌كاله‌تی ئێران و شیعه‌كان بوو، ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه‌شی بۆ كردبوون له‌ دوورمه‌ودادا له‌ خورماتوو، داقوق، تازه‌ و ئامرلی پارێزگایه‌كی توركمانیتان بۆ دروست ده‌كه‌ن.
 
كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ پێش شه‌ڕی داعش، كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ئاڤانا و بای حه‌سه‌ن، ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ی له‌ فرقه‌ی دوانزه‌ و ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌ كه‌وتبوونه‌ ده‌ستی كورد، گۆڕینی ده‌ستووری عێراق و نه‌هێشتنی پێشمه‌رگه‌، به‌ دوو ئیداره‌یی و دوو هه‌رێمیكردنی كوردستان و تاوەکو ئاستی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو نه‌خشه‌یان بۆ كێشابوو، چه‌ند له‌مانه‌ ده‌توانرا جێبه‌جێبكرێت و كورد چۆن ده‌یتوانی ئه‌م یارییه‌یان لێتێك بدات ئه‌وه‌ شتێكی دیکەیه‌. 
 
به‌سه‌ر ئه‌مانه‌دا و بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ به‌شێك له‌و مه‌ترسیانه‌ كورد بڕیاری ریفراندۆمیدا. ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان قۆسته‌وه ‌و به ‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ نه‌یاریی وڵاتانی تر بۆ ریفراندۆم گه‌مه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ریان خسته‌سه‌رمێز، كه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆمیش نه‌بووایا هه‌مان ئه‌و گفتوگۆ و سیناریۆیانه‌مان ده‌بینی به‌ڵام به ‌هۆكارێكی جیاوازتر. ئه‌ندازیاری جێبه‌جێكردنی ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌دوای راوێژی ئەردۆغان و خامنه‌یی به‌ قاسم سولەیمانی سپێردرا.
 
قاسم سولەیمانی به‌ كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه‌ و به‌ڵێنه‌وه‌ هاته‌ كوردستان، به‌شی زۆری حیزبه‌كان و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كانی كوردی بینی. له ‌ژینگه‌ و ئاستی ناكۆكییه‌كانی ناوماڵی كورد تێگه‌یشت. پۆست و پێگه‌ی داهاتووی حیزبه‌كان و ناو هه‌رێم و پۆسته‌كانی به‌غدای هێنایه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ، هه‌ڕه‌شه‌كانیشی نه‌شارده‌وه‌. ئه‌وانه‌ی به‌ قسه‌یان نه‌كرد باجیان دایه‌وه ‌و ئه‌وانه‌شی به‌ قسه‌یانكرد خه‌ڵاتی خۆیان وه‌رگرت.
 
به‌ نهێنی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ مه‌كگۆرگ، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی داعش كۆبووه‌وه‌ و له‌ناو خۆیاندا رۆڵیان دابه‌شكرد، هه‌موو ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی به‌كاربراون به‌شێكیان رۆژانه‌ قاسم سولەیمانی رێنوێنی كردوون و هه‌ندێكیان مه‌كگۆرگ، خۆشیان له‌سه‌رووی ئه‌م یارییه‌وه‌ یارییان به‌ داشه‌كان ده‌كرد. 
 
ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ به‌شێكی زۆری سیاسییه‌كانی كورد خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆیان نین له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تان و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانه‌وه‌ به‌كارده‌برێن. كه‌م بوون ئه‌وانه‌ی نه‌كه‌ونه‌ داوی به‌ئامرازكردن و به‌كاربردنه‌وه‌، كه‌مبوون ئه‌وانه‌ی نه‌كه‌وتنه‌ ژێركاریگه‌ریی هه‌ڕه‌شه‌كان و به‌ڵێنپێدانی پۆست و ئیمتیازه‌كانه‌وه‌. ساڵی پار له‌ وتارێكمدا ئاماژه‌م به‌ جوامێرییه‌كی كۆسره‌ت ره‌سووڵ كرد له‌ به‌رانبه‌ر به‌ڵێنی قاسم سوله‌یمانی ئه‌گه‌ر بێته‌ به‌ره‌ی ئێرانه‌وه‌ ده‌تكه‌ین به‌ كه‌سی یه‌كه‌م و ئه‌وه‌شمان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌یت دڵنیابه‌ دێمه‌وه‌ بۆ پرسه‌كه‌ت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌وه‌ وه‌ڵامی دابووه‌وه‌ من دووه‌میان هه‌ڵده‌بژێرم، چونكه‌ كه‌ بووم به‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆی میلله‌ته‌كه‌م بوو ئه‌وه‌شم له‌پێشچاو گرتبوو له‌م رێیه‌دا شه‌هید ده‌بم. 
 
ئه‌نجامه‌كه‌یشی ده‌ركه‌وت به‌ده‌رله‌وه‌ی له‌ رۆژی گرتنی كه‌ركووك هه‌وڵی كوشتنی درا، دواتریش چییان به‌سه‌ر ته‌ندروستی و پێگه‌ی سیاسیدا هێنا. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌ڵوێستێكی هاوشێوه‌یان پیشانی قاسم سلێمانیدا كاتێك له‌ ئوتێل تایتانیك له‌گه‌ڵ رێكخه‌ر و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆده‌بێته‌وه ‌و پێیان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵمانبن ده‌تانكه‌ین به‌ هێزی یه‌كه‌می ئه‌م زۆنه‌، داوایان لێده‌كات به‌شداربن له‌ پرۆسه‌یه‌ك كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ گۆڕان مه‌علوم بوو داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركووك ده‌رئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی، عوسمانی حاجی محمود به‌ ئاماژه‌یه‌ك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی تێده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌مه‌ی حاجی داوای ده‌كات خێوه‌ته‌كه‌ی سه‌فوانه‌، عومه‌ری سه‌ید عه‌لیش روون و راشكاو به‌ قاسم سلێمانی ده‌ڵێت ئێمه‌ نایه‌ینه‌ ژێر خێوه‌ته‌كه‌ی سه‌فوانه‌وه‌. ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌شمان بینی گۆڕان چییان به‌سه‌رهات.
 
ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ به‌رانبه‌ر به‌ خودی بارزانیش كرا كه‌ ده‌بێت له‌ ترۆپكی راسته‌وخۆی ده‌سه‌ڵات وه‌لایبنێن، پێش زیاتر له‌ دوو مانگ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر من ئه‌مه‌م بۆ بارزانی روونكرده‌وه‌ كه‌ به‌شێكی هاوكێشه‌كان په‌یوه‌سته‌ به ‌پۆست و پێگه‌ی ئێوه‌وه ‌و باشتر وایه‌ راسته‌وخۆ یه‌ك رۆژ دوای پرۆسه‌كه‌ خۆتان ده‌ست له‌كاربكێشنه‌وه‌، سه‌رئه‌نجام بینیمان به‌ گووشاری خه‌ڵكانێك به‌ناوی ئه‌مریكا و گووشاری ئێرانیش چی به‌ بارزانیش كرا.
 
سه‌رباری ئه‌وه‌ی بڕیاری په‌رله‌مانیشیان ده‌ركردبوو بۆ جوڵاندنی هێز، عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیران به‌ قسه‌ی نه‌كردبوون تاوەکو ئه‌و كاته‌ی به‌شێك له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان له‌ هه‌ندێ‌ له ‌سه‌نگه‌ره‌كان كشانده‌وه‌ و له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ وێنه‌ی كشانه‌وه‌كه‌یان تۆماركرد و بردیانه‌ به‌رده‌ستی عه‌بادی، ئه‌گه‌ر به‌په‌له‌ هێز نه‌جوڵێنی چه‌كداره‌ په‌رته‌وازه‌كانی داعش شوێنه‌كانیان ده‌گرنه‌وه‌، عه‌بادیشیان له‌و رێگه‌یه‌وه‌ خزانده‌ ناو ئه‌و بڕیاره‌وه‌ كه‌ به‌هێز په‌لاماری كوردستان بدات.
 
رۆژی روودانی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش له‌ ئه‌نجامدانی تاوانی جینۆساید له‌ خورماتوو گرتنی كه‌ركوك و ئاواره‌بوونی سه‌تان هه‌زار كه‌س، كورد كه‌س نه‌ما په‌نای بۆ نه‌بات له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مریكا و دۆسته‌ رۆژئاواییه‌كانی، كه‌س به‌ده‌نگ كورده‌وه‌ نه‌هات. هۆكاره‌كه‌ی روون بوو كه‌ هاوكێشه‌كه‌ له‌ كێشه‌ی نێوان كوردستان و عیراقیش گه‌وره‌تر بوو. 
 
په‌یامی هێرۆخان بۆ كۆسره‌ت ره‌سووڵ له‌ 17ی ئۆكتۆبه‌ر، نه‌خۆشخستنی كاك كۆسره‌ت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی، ئه‌مانه‌ و زۆر شتی دیکە هه‌ن كه‌ پێویسته‌ به‌شی ئه‌وه‌ به‌رچاوی پارتیان روونكردبێت كه‌ بزانێت سه‌رچاوه‌كه‌ له‌كوێوه‌یه‌. راسته‌ قاسم سلێمانی مرد، به‌ڵام ئه‌و نهێنیانه‌ی نه‌برده‌ گۆڕه‌وه‌، كه‌ پێویست بوو به‌هۆی ئه‌و نهێنیانه‌وه‌ كورد راستییه‌كان بزانێت، كه‌چی خه‌ریكه‌ به‌هۆی تێنه‌گه‌یشتن له‌ راستییه‌كان خۆی له‌ گۆڕده‌نێت.
 
زۆرجار ده‌بینین ته‌نانه‌ت بۆ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌ك یاخود رووداوێكی ته‌مومژاوی په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر ناوه‌نده‌گرنگه‌كانی وڵاتان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ راستی. به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌فیری ئه‌مریكا و برێت مه‌كگۆرگیش له‌م كێشه‌یه‌وه‌ گلابوون، ده‌كرا كورد داوا له‌ ئێف بی ئای بكات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر بكات تا راستییه‌كان روونتر ببنه‌وه‌، كێ‌ تیایدا تاوانباره‌ با رسوای مێژووبێت، نه‌ك هه‌ر وه‌ك برینێك به‌ساڕێژنه‌بوویی له‌ جه‌سته‌ماندا بهێڵدرێته‌وه ‌و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تی دیکە بۆ ئاینده‌ی میلله‌ته‌كه‌مان.
 
ده‌بێ‌ پارتی و یه‌كێتیی 16ی ئۆكۆتبه‌ر تێپه‌ڕێنن له‌پێناو دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا ئه‌م دوو هێزه‌ له‌ناو هه‌مان ئه‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌ كه‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری به‌رهه‌مهێنا.