پرسی تووندوتیژی و هەراسانكردنی خانمانی میدیاكار

ئاڤان جاف


18/01/2021


-بیرمە  لە زۆربەی دیدارەكانمان لە سەنتەری میترۆ لەگەڵ  ئاژانسەكانی مافی مرۆف و كۆنسڵخانە و لایەنە پەیوەندیدارەكان، كاتێك لەبارەی پرسی رۆڵ و كاریگەری میدیاكارانی ژن دەدواین، بابەتێكی زۆر هەستیار دەهاتە پێشەوە كە هەم بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، هەم بۆ ئەو لایانانەی گرنگی بە پرسی یەكسانی و جێندەر دەدەن، ئەو پرسیارەش رووبەروومان دەبوویەوە بە چ  میكانیزمێك كار لەسەر ئەو پرسە  بكەین، ساڵی رابردوو  لە راپۆرتی ساڵانەی میترۆ لە بەشێكدا زۆر بوێرانە ئەو پرسە گرنگەمان خستەڕوو، هەنگاوی گرنگ و جدیش دەستیپێكرد لەگەڵ IMS لەگەڵ چەندین رێكخراو و لایەنی دیكەی پەیوەست بە پرسی ژن و میدیا كار لەسەر داڕشتنی رێكار و رەشنووسی پرۆژە كرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەراسانكردنی خانمانی میدیاكار لە دەزگاكانی راگەیاندن.

ئاگاداری چەندین هەوڵ و دەستپێشخەری دیكەش هەبووین، لەوانە لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، هاوكارمان رۆژنامەنووس هانا شوان لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەی خەمخۆر لەو بوارە بۆ كاركردن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو كێشەو بەربەستانەی دێنە بەردەم خانمانی میدیاكار.

لە بەشێكی زۆر لە دیدار و سەردان و گفتووگۆمان لەگەڵ كەسانی بەرپرس ئەو بابەتە قسەی لەسەر كراوە، سوپاسی هاوڕێ و پاڵپشتی هەمیشەیی رۆژنامەنووسان بە گشتی و خانمانی میدیاكار رەحمان غەریب و دیاری محمد دەكەین، دلسۆزانە لەگەڵ ئەركەكانی دیكەش لە سەنتەری میترۆ و پێشڵكاری و گرفتە بەردەوامەكانی  رۆژنامەنووسان، هاوكار بوون، هانیان دەداین  بۆ بەردەوامی كاركردن لەسەر ئەم پرسە.

لە دیدارێكمان لە ساڵی رابردوو لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان ئەو بابەتە زۆر بە وردی قسەی لەسەركرا، داوامانكرد ئەگەر هاتوو پرۆژەی هەموواركردنەوەی یاسای رۆژنامەنووسان هاتە پێشەوە، پرسی یەكسانی و جێندەر لەبیر نەكرێت و ماددە و بڕگەی تایبەتی هەبێت لەو بوارە.

ئەزیزان بابەتەكە  پەیوەندی بە گەشەی پایەكانی دیموكراسی و ئایندەی میدیای كوردییەوە هەیە، ئاخۆ بەبێ زەمینەسازی و رەخساندنی ژینگەیەكی ئارام بۆ كاركردنی خانمانی میدیاكار، چۆن دەتوانین  پەیامی راستەقینەی میدیا بگەیەنین!؟

بۆچی رێز لەو سەرمایە گەورەیی كۆمەڵگە نەگرین، بۆچی رێز لەو هەموو وزە و توانا و كاراماییە نەگرین!؟

لە رۆژی 16ـی ئەم مانگە جگە لەوەی لەنێو راپۆرتەكە  باس لە وردەكاری  و چیرۆكی تووندوتیژی بەرامبەر 8 خانمی میدیاكار تێداكراوە، لە رێگەی دیپەیتەكەی نێو راپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ جارێكیتر  پرسی تووندوتیژی و هەراسانكردنی خانمانی میدیاكار زیاتر تیشكی خرایەسەر، دیسانەوە سەرۆكی پەرلەمان بە پەرۆشەوە بەڵێنی پێداین كە لە داهاتوو هەر پرۆژە یاساییەك بێتە نێو گفتووگۆكانی پەرلەمان پرسی جێندەر و مافی خانمانی میدیاكار بەبێ راوێژ و رای سەنتەری میترۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بەو پرسە تێناپەڕێ.

لە دوێنێەوە چەندین خانمی میدیاكار پەیوەندیكردوو، بە نیگەرانیەوە باسیان لە گرفت و كێشەكانیان خستۆتەڕوو،  گرنگیدان بەو پرس و بابەتە هەستیارەیان بە هەنگاوێكی سەركەوتوو زانیوە، چاوەرێی دەرئەنجامی دڵخۆشكەر و جدی لە میترۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە.

هیوادارم خانمانی میدیاكار چیتر بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو تووندوتیژییانەی رووبەروویان دەبێتەوە لە میانەی كاركردنیان، لە پرسی جیاكاری و جیاوازی لە گرێبەستی كاركردنیان، لە پێدانی بەرپرسیارێتی و دەركەوتنیان لە ناوەندی بریاری میدیای و رۆلێیان هەبێ لە داڕشتنی پلان و كاری ستراتیژی دەزگاكانیان، ئازایانە رووبەرووی هەموو جۆرە جیاكارییەك ببنەوە كە لەسەر بنەمای جێندەر رووبەروویان دەبێتەوە.

میترۆ هەنگاوی گەورەتر بۆ پاراستنی مافی خانمانی میدیاكار دەنێت، بە هاوكاری دەنگ و وزەی ئێوە.