تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بەرەو حكومەتێكی جیهانیی.. فەیسبوك بەنمونە

سەردار هەركی


04/02/2021

پاش گوتارە بانگەشە توندوتیژ ئامێزەكەی  دوناڵد ترامپ، كە بووە هۆی هێرشكردنە سەر كاپیتۆل (باڵەخانەی كۆنگرس)، هەریەكە لە پلاتفۆرمەكانی (تویتەر، فەیسبوك، سناپ چات، یوتیوب، ئینستاگرام و تیلیگرام) بڕیاری داخستنی لاپەڕەی دۆناڵد ترامپیان-دا، هەرچەندە ئەم بڕیارە مشتومڕی زۆری دروستكرد، بەتایبەتی لە رووی ئەخلاقییەوە، چونكە ئەم پلاتفۆرمانە خۆیان كردە چاودێر و بەپێوەری خۆیان ئەم لاپەڕیان داخست نەك بەپێوەرێكی دیاریكراو بۆ هەمووان، راستە ئەم بڕیارە بۆ رێگرتنە لەگوتاری رەگەزپەرسی و دژی لێبرالیەت و خاوەنی ئەم پلاتفۆرمانەو ئەم بڕیارە خەڵكی دیموكراتخوازن، بەڵام مەترسی لەوەدایە روژێك ئەم پلاتفۆرمانە لەلایەن دەوڵەمەندێكی كۆنەپارێز و خاوەن ئایدیایەكی رەگەزپەرست وەك (رۆبەرت مردوخ) خاوەنی (فۆكس نیوز) كە ئاشكرا پشتگیری ترامپی دەكرد، بكڕێتەوەو بە پێوەری پێچەوانە بەكاربێنیت، ئەو كات كارەساتی لێدەكەوێتەوە.

بۆ دووبارەكردنەوەی لاپەڕەی ترامپ فەیسبوك بڕیاری داوە ئەنجومەنێكی دانایان (مجلس الحكما‌و) دروستبكات و بڕیاری كردنەوە یان نەكردنەوە لەوێ یەكلابكرێتەوە. واتە فەیسبوك دەبێتە خاوەنی نیمچە دادگایەكی تایبەت بەخۆی. پرسیارێك لێرەدا دروستدەبێت كە ئایا فەیسبوك بوویتە دەوڵەت یان حكومەتێكی جیهانیی، بەتایبەتی ئەگەر بزانین ژمارەی هاوڵاتیانی (بەكارهێنەر) ئەم دەوڵەتە ئەلیكترۆنییەی فەیسبوك 2.2 ملیار كەسە، چونكە 2.2 ملیار بەشداربووی هەیەو سنوری ئەم مەملەكەتە هەموو جیهانە، نەك سنوری وڵاتێكی دیاریكراو، قازانجی ئەم مەملەكەتە تەنها لە 3 مانگی یەكەمی ساڵی 2020 دا نزیكەی 17.7 ملیار دۆلار بووە، واتە زیاتر لە كۆی زۆربەی هەرەزۆری وڵاتان، تەنانەت ئەوانەی خاوەنی نەوتی-یشن. تیك تۆك ساڵی 2020 قازانجی نزیكەی 38 ملیار دۆلار بووە، هەرچەندە هیچ كاڵایەكت پێشكەش ناكەن، لەهەمان كاتدا كۆمپانیا گەورەكان بەهۆی كۆرۆرناوە رووبەڕووی زیانێكی زۆر بوونەتەوە، بۆنمونە زیانەكانی كۆمپانیای دروستكردنی فڕۆكەی بۆینگ لەساڵی 2020 دا بە 11 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت، كە خزمەتگوزارییەكی گەورەو راستەقینە پێشكەش دەكات، قازانجەكانی تیك توك لە ساڵی 2020 نزیكەی 38 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت بە نزیكەی 800 ملیۆن بەكارهێنەرو تویتەر بە 500 ملیۆن بەكارهێنەر، بەكورتی و كوردییەكەی ئەو پلاتفۆرمانە هەڵسوكەوتی مرۆڤایەتیان گۆڕیوە. و ‌هاتنی پەتای كۆرۆنا بووە هۆی زیاتربوو بەكارهێنانی ئەو پلاتفورمانەو كردنەوەی بازاڕێكی زەبەلاحی كڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین وادەكات گوڕانكاری گەورە بەسەر هەڵسوكەوت و دابونەریتی خەڵكدا بێت، بۆیە دەبێتە هۆی گۆڕینی رێڕەوی مێژوو، لەبەر كاریگەری ئەم پلاتفۆرمانە بەئاراستەكردنی خەڵك چ لەبواری سیاسی دابێت بەتایبەت كاتی هەڵبژاردن، یان بواری كۆمەڵایەتی و ژیانی خەڵك ئەم پلاتفۆرمانە هێدی هێدی نزیك دەبنەوە لە قەوارەیەكی یان جیهانێكی تایبەتمەندی خۆیان، یان بڵێین دەوڵەتێكی جیهانگیر.