میدیای کوردی، بەردی تیژکەرەوەی چەقۆی بکوژەکانە

هاوکار یاسین


19/04/2021

هاوکار یاسین

لەم رۆژانەدا هەواڵی کوشتن، خۆکوشتن، تەقەکردن و توندوتیژی بابەتی گەرمی میدیاکانی ئێمە بوون، سەیری هەر یەکێکیان ئەکەیت چنگ لەسەر شان بە مایک و کامێرایەکەوە، میوزیکی بەپەلەکەیان پێکردووە و شەڕیانە لەسەر ئەوەی کامیان ئازاترن زووتر بە خەڵک بڵێن کێ کێی کوشت، ئیدی بێ گوێدانە ئیتیک و مۆراڵی گشتی، بێ ئەوەی بیرێک لەوە بکەنەوە بەم هەموو هەواڵە ناجۆرە دەروونی وەرگر چی لێدێت و لێکەوتەکانی ئەم جۆرەی گواستنەوەی هەواڵ چۆن دەبێت، بێ ئەوەی هەست بەخۆیان بکەن مرۆڤ کوشتنیان لای خەڵک ئەوەندە ئاسایی کردووەتەوە تا ئەو ئاستەی خەریکە کوشتن دەبێتە دیاردە لەناومان.

هەموو ئەمانە یەک هۆکاری هەیە، کاتێک میدیا ئەرکی تەنیا بووە گوازەرەوەی هەواڵی رووداوەکان بەبێ لێکدانەوەی لێکەوتەکان و بەبێ حسابکردن لەسەر ئەوەی چۆن بەپێی تایبەتمەندی مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن، ئاساییە ئەم دۆخە بخوڵقێت و لەرێی ئەوانەوە بۆنی خوێن لەنێو کۆمەڵگا بکەیت.

میدیا پێش ئەوەی ئەرکی گواستنەوەی هەواڵ بێت، ئەرکی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگای لەسەرشانە، ئەرکی گەڕانە بەدوای هۆکاری رووداوەکان و دۆزینەوەی چارەسەرەکان و چاندنی لای کۆمەڵگا، ئەرکیەتی کار بکات حاڵەتە ناشرینەکان نەبن بە دیاردە، وابکات کۆمەڵگا بێز لە خوێنڕشتن و خوێنڕێژ بکاتەوە.
بەڵام ئەمە کێ بیکات! بەو میدیا و میدیاکارانە ناکرێت کە ئێستا هەن و رۆژانە لەبەردەرگای بکوژ و کوژراودا وەستاون و پرسیارە هەرە جەوهەرییەکەیان ئەوەیە، بەهەڵەداوان بچنە بەردەم دەرگای کابرای کۆست کەوتوو بڵێن، هەستت چۆنە!!!

لەدنیادا میدیا ریفۆرم لە کۆمەڵگادا دەکات، خوارییەکانی دەسەڵات راست دەکاتەوە، ناشرینی دەگۆڕێت بۆ جوانی و خەڵک فێری خۆشەویستی دەکات و کار بۆ جوانکردنی ژیان دەکات، کەچی لێرە لە نەگبەتی ئێمە ئەوە حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری کە هیچ، دەبێت کۆمەڵگا کار بۆ ریفۆرمی میدیا بکات، بەڵام کۆمەڵگاش بەشی ئەوە دەردەسەری و کێشەی هەیە کەوا گیرۆدە بووە نەیپەرژێتە سەرئەوەی بەو میدیا ژەهر رێژە بڵێت، بوەستە وەک ناتوانی چاکمان بکەیت، خراپیشمان مەکە.