تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان تێنەپەڕیوە

ساڤۆ سەردار


06/05/2021

سەردەشت نوێنەری جیلێكی نوێی فیكرو بیركردنەوەیە، جیلێك لە دەرەوەی بازنە تەسك و سەتحییەكانی حیزبی كوردی، لە دەرەوەی رەنگی سەوز و زەرد، بۆ بیركردنەوەیەك لە دەرەوەی سەرۆك خێڵ و عەشرەت و بتەكان بۆ شكاندنی موقەدەساتەكان، تێگەیشتنێك لە دەرەوەی پیاوانی كۆمیتە و لق و بارەگاكان فراوانتر لە گوتارەكانی موستەشارەكانی بەرپرسەكان.

كەیسی سەردەشت نوێنەری تەنھا دەنگێكی ناڕازی نییە ... بگرە نوێنەری نەوەی دوای راپەڕینە كە لە جیاكاری و دابەشكاری دنیای ئێمە ناڕازییە خەون بە دنیایەكی عادیلانەترەوە دەبینێت ...

كوشتنی سەردەشت تەنھا كوشتنی تاكە كەسێك نییە، ھەوڵێكە بۆ خەفەكردن و كوژاندنەوەی ھەر بیركردنەوەیەكی نوێ لە دەرەوەی بازنەی حیزب و نەزمەكانی سیستم، وەك بێدەنگكردنی ھەر دەنگێك لە دەرەوەی سنورەكانی بیركردنەوەی ئەوان، بێئاگا لەوەی سەردەشت و پەیام و خەونەكانی لەناو ئێمەدا دەژین و بە تیرۆركردنی ئەو خامۆش نابن، بگرە زیاتر كڵپە دەستێنن.

تیرۆركردنی سەردەشت غەمێكە تێنەپەڕیوە بەردەوام لێرەیەو لە تەنیشتمانە دەكرێت بەرۆكی ھەر قەڵەمێكی تری یاخی بگرێت.

سەركوتكردنی دەنگە دلێرەكان لە ئێستادا لەشێوەی فۆڕمی جیا جیادا خۆی نمایشدەكات، دیارترينیان و بەربڵاوترینیان تیرۆری مەعنەوی و كەسایەتییە  لەكەداركردن و دروستكردنی تۆمەتی ناڕەوایە شكاندن و ناوزڕاندنە.

وەك سەردەشت دەڵێت : "ئەكرێ راستییەكان درەنگ بگەن، بەڵام گومانمان نییە كە  رۆژێك ھەر دەگەن، ئێمەش نەفەسی ئەمەمان هەیە كە بەدیار ئەم وێستگەیە دابنیشین كە لاپەڕەكانی مێژووی ئێمەی هەڵگرتووە" .

درود لە ڕۆحی سەردەشت عوسمان و ڕێبوارەكانی رێگای ئازادی، ئەو باڵندانەی كە سیستەم نەیتوانی دەستەمۆیان بكات.