بۆ ئەوەی یەكێتی حزبی تێكڕای پانتایی كوردستان بێ

محەمەد عزەدین


05/06/2021

كێشەیەكی قووڵی واقعی سیاسی ناو یەكێتی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە ناوەڕۆك و ئاماژەكانی چەمكی نیشتیمانی و كوردستانی بوون لە ئاكامی دابەشبوونی ئەم هەرێمە بۆ دوو زوون و دوو ناوچەی كۆنترۆڵكراوی حزبی و دابەشبوونی جوگرافیای سیاسی، مانا جەوهەری و راستەقینەكەی خۆی لەدەستداوەو بەهاكانی نیشتیمان پەروەری و كوردستانی بوونی ئەم حزبە پەڕیوەتەوە بۆ ناو فەوزای شارو ناوچەگەرێتی و حوكمڕانی لۆكاڵی و بانگەشەی هەرێمی جیاواز. بۆ ئەمەش ماكینەیەكی بەهێزی لووتكەی هەرەمی یەكێتی بەگڕخراوە بە جۆرێ كە ئەم دیاردە كوشندەیەی زەقترو بەرچاوتر گرتووەو بە قووڵی چۆتە ناو هەناوی تەواوی ئۆرگان و تەنانەت جەماوەرو كۆی لایەنگرانیشی.

ئەم دیاردەیە هەر لە مێژووی دروست بوونی یەكێتی یەوە  تا ئەمڕۆ بەقووڵی چۆتە ناو خوێن و دەماری ئەم حزبەو لەگەڵیدا دەژی، كە بێگومان كاریگەری خراپی لەسەر دۆخی ئەم حزبە جێهێشتووە و تا دێت پانتایی و پێگەی جەماوەری خۆی لەسەر ئاستی كوردستان و هەرێمەكەیدا تەسكترو بچووكتر دەبێتەوە و وای كردووە كە یەكێتی لە لووتكەی هەرەمێكی حەلەزۆنی سەربەرەوخوار لێژبێتەوە. گەر واش بڕوات ڕەنگە لە عاقیبەتدا شۆڕی بكاتەوە بۆ حزبی تەنها شارێك یان زۆن و جوگرافیایەكی دیاریكراو دوور لە سەرتاسەری بوون و گشتگیری لەجەماوەرو لایەنگرانی لەسەر ئاستی تەواوی كوردستان و هەرێمەكەی.

بۆیە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناسنامەی یەكێتی نیشتیمانی دوور لە زۆن پەرستی و ناوچە پەرستی یەكێكە لە ئەولەویەت و كاری لەپێشینەی سەركردایەتی نوێی ناو ینك، كە بە ڕۆحی یەكپارچەیی كوردستان ناوەند و ئۆرگانەكانی خۆیان بە شێوەیەكی ئەوتۆ بینا بكەنەوە كە زۆرترین ئەندام و كادری تێكڕای ناوچە جیاوازەكانی كوردستان لەخۆ بگرێت، بەتایبەت هەولێری پایتەخت كە ئەمڕۆ ناوەندێكی گرنگی كاری سیاسی پەرلەمانی حكومی و جوڵەی سیاسی و دیبلۆماسی وڵاتانی دنیایە. چونكە ئەهمیەتی ئەم شارە هەر لەودا نییە كە سەرچاویەكی دەوڵەمەندی جەماوەری و دەنگدەری هەڵبژاردنەكانە، بەڵكو پێگە سیاسییەكەی وایكردووە كە هەمیشە ڕۆڵی یەكلاكەرەوە ببینێ لە هەڵوێستی جیاجیای حزبە سیاسییەكانا لەسەر كۆی پرسە چارەنووسازەكانی ئەم هەرێمە.

بۆیە گواستنەوەی چەقی كاری سیاسی بۆ ینك لە زۆنی سلێمانی بۆ زۆنی هەولێر گرنگ دەبێ بۆ ئێستاو دوا ڕۆژی ئەم حزبە، چونكە جگە لەوەی متمانەی جەماوەرییەكەی جارێكی تر بەدەست دێنێتەوە، لە ڕووی دەروونیشەوە بۆ جەماوەری ئەم شارە گرنگ و پڕ بایەخ دەبێ، بەوەی كە چیتر هەست بە غوبن و نامۆ بوون ناكەن و وەك میوان لە ناو  ماڵی ئەم حزبە ناجووڵێنەوە.

یەكێتی ئەگەر دەیەوێ جارێكی تر ببێتەوە حزبی سەرتاسەری ئەم هەرێم و كوردستانە بە هەموو شارو ناوچە جیاوازەكانەوە، ئەگەر دەیەوێ سەرلەنوێ ببێتەوە یەكەمی ڕیزبەندی حزبەكان، ئەگەر دەیەوێ پرنسیپە رەسەنە دێرین و دەستكەوتە مەزنەكانی مێژووی خۆی زیندوو بكاتەوە، ئەوا دەبێ لەمڕۆ بەدواوە بیر لەوە بكاتەوە كە چەقی قورسایی خۆی لە هەولێر گیر بكات و هەولێر بكاتە مەڵبەندی سەركی جوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەكانی خۆی. دەبێ هەوڵی ئەوە بدات كە یەكێك لە هاوسەرۆكەكانی بە بەردەوامی لە هەولێر كارو چالاكییەكانی خۆی بەڕێوە ببات، تەنانەت ژیان و ماڵی ئاسایی خۆیشی هەر لەم شارە بێت و خۆی بكاتە كوڕی ڕاستەقینەی ئەم شارە بۆ ئەوەی مەیدانەكە بەتەواوی بۆ حزبێكی سیاسی قۆرخكەر چۆڵ نەبێت، بۆئەوەی وابكەن كە باڵانسی سیاسی جارێكی تر بە قازانجی خۆی و جەماوەرەكەی بشكێنێتەوە لەم دەڤەرەدا.