ئاخ تاڵەبانی ئاخ!

رێبوار کەریم وەلی


10/03/2020

رەنگبێ باسکردن لە رابردوو، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە دەرفەتێک لە ئارادا بووبێت و تازە ئیتر نەگەڕێتەوە، تەنھا لە دووتوێی دەرس وەرگرتن و ئەزمووندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر ھێشتا بوار مابێت و لە چوارچێوەی سیاسەتیشدا بێت، ئەوا ھێندەش بێھودە نابێت.
 
بۆ زۆرکەس تاوەکو ئێستاش نامەعلومە کە بۆ لەپڕڕا نێوانی (دۆستانە) سەرۆک بارزانی و نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە 2012 تێکچوو. ئەگەرچی پێشتر و دوای واژۆ کردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و عێراق، سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و، جێگیرکردنی ھێزەکانی دیجلە لەو ناوچانەی کە لە سنووری ماددەی 140 دا بوون، بە بڕیارێکی تاکلایەنەی مالیکی لێکدرایەوە و سەرۆک بارزانی بە تووندی رووبەڕووی بووەوە و لە دوای ئەویش ھەوڵەکان بۆ لابردنی مالیکی دەستی پێکرد، بەڵام لە راستیدا ئەو بابەتە بەو رادەیە نەبوو کە بگاتە ئاستی ئەوەی کە بەغدا بودجە و مووچە لە ھەرێمی کوردستان ببڕێت و پەیوەندیی نێوان بارزانی و مالیکی وا خراپ بێت. عەڕابی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییە تاڵەبانی بوو. مالیکی وەک سەرۆکوەزیرانێکی موقتەدیر کە ئەمریکا و دەوروبەریش پشتیوانییان دەکرد، میلیشیاکانی سەدر و بەدری کلک و گوێ کردبوو، تاڵەبانیش دەبوو بۆ دەرچوون لە رۆڵە تەشریفاتییەکەی دەرچەیەک بدۆزرێتەوە.
 
*
 
تاڵەبانی وەکو ھەمیشە، بە شەخسی خۆی سەرپەرشتیی ھەوڵی لادانی نووری مالیکی کرد، ئەڵبەتە نەیدەویست ئەویش بە دەردی ئیبراهیم جەعفەری بچێت. نامە و نامەکاری لە بناگوێی نووری مالیکی لەنێوان نەیارانی مالیکی (بە شیعە و سوننەوە) لەگەڵ بارزانی دەستی پێکرد. مالیکیش گوێی لە ھەموو شتێک بوو، خۆی بێدەنگ کردبوو. لە سوننەوە دەستیپێکرد و دەرپەڕاندن بۆ کوردستان، لەوەشیاندا تاڵەبانی رێگەی پیرمامی بۆ دەرپەڕیوەکان وەسف دەکرد! ئینجا لەکاتێکدا لە دووکان سەرپەرشتیی گەورەترین کۆبوونەوەی دەکرد بۆ لادانی مالیکی، لە ژێرەوە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی دەنووسی و لە میدیاش دەیگوت بەدیلی مالیکی ھەر مالیکییە!
 
*
سەرۆککۆمار قەت مەبەستی نەبوو مالیکی لا بدرێت، دەیویست لە رێگەی بارزانییەوە کەمێک مالیکی عەیار بدات و، ھەیبەت و شکۆی جاران بۆ پۆستەکەی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئیتر کار لەکار ترازا. ئەبویوسرا وا بە ئاسانی عەیار نەدرا! مالیکی سەرەڕۆتر، کورد سەرکز و تاڵەبانیش بێدەسەڵاتتر بوو. بە نەخۆش کەوتنی تاڵەبانیش ئیتر گەمەکە کۆتایی ھات و ھەرکەسەو لە ماڵی خۆی دانیشت. 
 
*
لەناو شیعەدا، مالیکی تاکە سەرکردەیە کە لانیکەم لە دۆستایەتی و دوژمنایەتیدا، سەرڕاستە. عەبادی کە دوای مالیکی ھات دەبوایە ھەر بۆ چەند مانگێکیش بێت بودجەی کوردستان بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەویش نەیکرد. کەواتە کورد لە غیابی دۆستەکانی لە بەغدا، دەبێ بیر لە جێگرەوەی دیکە بکاتەوە. مالیکی تاقیکراوەیە و کەسایەتییەکی لاواز نییە کە کەس بتوانێ لەدژی ھەولێر و سلێمانی بەکاری بێنێت. بۆ ئەم قۆناخە راگوزەرە کە کوردستان پێویستیی بە کەسێکی سەرڕاست ھەیە بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی وەک بودجە، نەوت و غاز، پێشمەرگە و زۆر بابەتی دیکە، لانیکەم تاوەکو ھەڵبژاردنی داھاتوو سەقامگیرییەک دێتە ئاراوە. مالیکی ئەگەر دڵنیابێت لەوەی کورد و سوننە لەو ململانێیەدا پشتیوانی دەکەن، سڵ لەوە ناکاتەوە کە بێتەوە پێش و گۆڕەپانەکە بۆ ئانارشیستێکی وەکو سەدر چۆڵ ناکات.
 
*
 
ئەگەر ھیچ مەجالێک بۆ درێژەدانی عەبدولمەھدی لە پۆستەکەیدا مابێت، ئەوە باشە، ئەگەرنا ھاتنەوەی مالیکی دەرفەتێکە کە جارێکی دیکە کورد رێگە نەدات، شیعەی ئێرانی و پەروەردەکراوی بەریتانی (کە وا دەکات ئەمریکا پشتیان بگرێت) حوکمی بەغدایان لەدەستدا بێت. مالیکی لەسەردەمی خۆیدا زۆر ھەڵەی بەرامبەر کورد کرد و پێیشی کرا، بەڵام ئەویش رەنگبێ ئێستا دەرسی لە رابردوو وەرگرتبێت. مادام کورد ڤیتۆی لەسەر کەس نییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، دەبێ دەرگای بەسەر ھاوپەیمانیی نوێ واڵا بێت و ھەموو ھێلکەکانیش نەخەنە ناو سەبەتەی سوننەوە.