خوێندنەوەیەك بۆ هێرشی شەمشەمەكوێرەكانی داعش!

*كارۆخ خۆشناو


06/12/2021

ئەگەر خوێندنەوەیەكی ورد بكەین بۆ زیادبوونی هێرشی تیرۆرستانی داعش (لەم كاتەدا) بۆ سەر سەنگەرەكانی  پێشمەرگەی كوردستان، لە ئەنجامدا دەگەینە ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1- تیرۆرستانی داعش بەم هێرشانە مەبەستیانە بسەلمێنن كە هێشتا ماون و دەتوانن شەڕی پارتیزانی بكەن.

2- ئەم هێرشانە یارییەكی سیاسی و سەربازین بە ئامانجی بەعەرەبكردن، واتە دەركردنی كورد و چوڵكردن و تەعریبكردنی ناوچە كودستانیەكانی دەرەوەی هەرێم.

3- حەشدی شەعبی كە لە هەڵبژاردنەكاندا شكستیان خوارد و تاڕادەیەك كەنارگیر و پەراوێز خراون، ئاسانكاری دەكەن بۆ هاتووچۆی داعش، تاكو لە ڕێگای ئەم بەهانەیە جارێكی دیكە خۆیان بەهێز بكەنەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق.

4- زیادبوونی هێرشە تیرۆرستیەكانی داعش لەم كاتەدا ڕەنگە بەشێوەیەك لە شێوەكان پەیوەندیدار بێت بە كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە كۆتایی ئەمساڵدا، چونكە زیادبوونی ئەم هێرشانەی داعش ڕەنگە ناكۆكی زیاتر بخاتە نێوان (پەنتاگۆن و بایدن) لەسەر پرسی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا لە عێڕاق، واتە پەنتاگۆن ڕازی نابێت هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێڕاق دووبارە بێتەوە، بۆیە ئەم هێرشانەی داعش فشار بۆ سەر بایدن دروست دەكەن تاكو لە سەر پرسی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكان پەلە نەكات، چونكە ئەم هێرشانە بەڵگەن لەسەر بوونی مەترسی تیرۆرستانی داعش لە سەر ئاسایش و بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا لەم ناوچەیە.

5- هێرشەكانی داعش لەم كاتەدا (یاریەكی مەترسیدارە) لە نێوان هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان بە مەبەست و ئەجیندای جۆراوجۆر، بۆیە پێویستە كورد لەم یاریە چاوكراوە و ئاگادار بێت.

6- ئەم هێرشانە كاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێڕاق و دواخستنی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێڕاق. 

لە كۆتاییدا گرنگە سەركردە سیاسی و سەربازیەكانی كوردستان بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ (هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش) هەوڵبدەن لە ڕێگای (پلان و میكانیزم و پێداویستی لۆجستی هاوچەرخ) سەنگەرەكانی پێشمەرگە تۆكمە بكەن، بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕووبەڕووی پیلانی تیرورستان و شەمشەمەكوێرەكانی داعش و هاوشێوەكانیان.

*سەرۆكی (ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریكی-كوردی)