كوا پارەی گومرگ، كوا پارەی نەوت...؟

ئەرسەلان بایز


15/12/2021


ماوەی نزیكەی بیست ساڵە هەردوو حیزبی گەورەی كوردستان. (ی.ن.ك) و پارتی دیموكراتی كوردستان بەیەكەوە حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دەكەن. بەهۆی ناكۆكیەوە لە ماوەی ئەو بیست ساڵەی ڕابردوودا. نەیانتوانیوە دڵنیاییەك بە كۆمەڵانی خەڵك ببەخشن و كوردستان بگەیەننە كەناری ئارام. لەبری تەبایی، لە بری داڕشتنی پڕۆژەیەكی هاوبەش بۆ پێشخستنی هەرێم و پاراستنی ئەزمونەكە لە بری نووسینەوەی دەستورێك بۆ چوار چێوەی حوكمڕانی دروست. لە بری یەك دەنگی لە بەرامبەر ناهەقیەكانی بەغدا بەرامبەر كوردستان. لە بری خەمی چارەسەركردنی ناوچە دابڕێنراوەكان. لە بری هەوڵدان لە بنەبڕكردنی شەڕی داعش،  هەمیشە لە ململانێ و شەڕە جوێن و شەڕی خوێناویدا بووین. هێندەی خەریكی ناوزڕاندنی یەكترو تۆمەتی ناڕەوا بۆ یەكتر دروست كردن بووین. نیو هێندە لە خەمی خزمەتگوزاری و دڵنیابوونی جەماوەر نەبووین.

هەر لەكاتی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە تاكو ئەمڕۆ، هەردوو حیزب لە شاشەی تەلەفزیۆن و لاپەڕەكانی ڕۆژنامەو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و كۆڕو كۆبوونەوە جەماوەرییەكاندا، هەڵمەتێكی توندو بێ ئامانیان لەبەرامبەر یەكتردا دەست پێ كردووە. پارتیەكان (ی.ن.ك) بەوە تۆمەتبار دەكەن گوایە بەشێكی واریداتی گومرگی سنورەكان و باج و خەراجی ناوخۆی ناوچەی سەوز ناگەڕێتەوە گەنجینەی وەزارەتی حكومەتی هەرێم و كەس نازانێ بەرەو كوێ دەڕوات. (ی.ن.ك)یش دەڵێ تەنیا بەشێكی واریداتی پارەی نەوت و باج و خەراجی ناوچەی زەرد دەگەڕێتەوە گەنجینەی وەزارەتی دارایی و باقیەكەی نادیارە. هەردوو حیزب ڕۆژانە كادیرو لایەنگرانی خۆیان بە گیانی دوژمنایەتی لەبەرامبەر یەكتر پەروەردە دەكەن و قسەی سوك و هەڵبەستراو بەیەكتر دەڵێن. ڕەفتاری هەردوو حیزب جەماوەریان بێزارو ناڕەحەت كردووە. متمانەیان لە نێوان هەردوو حیزب و حكومەت لەلایەك و لەلایەكی ترەوە لەگەڵ جەماوەر كزو لاواز كردووە. هەر بۆیەش هەردوو حیزب سەرباری زیادبوونی دەنگی سێ پشت لە هەڵبژاردندا زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگیان كەمی كردووە. بەڵام بەداخەوە هەردوو حیزب هێندەی سەرقاڵی بردنەوەی كورسی و لاف گەزاف لێدانی ژمارەی كورسیەكانیانن، هێندەی خەمی لەیەكتر بردنەوەیانە، نیو هێندە خەمی كەمكردنەوەی دەنگی جەماوەرو نەمانی متمانەی جەماوەر بە حیزبەكان نین.

هاوڵاتیانی كوردستان لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایەی حیزبەكان لەسەر یەكتر گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە هەردوو حیزب قسەكانیان لەسەر یەكتر ڕاستەو هەردوو لا واریداتەكان لە یەكتر دەشارنەوە، خەمی جەماوەریان نیە. هێندەی خەمی خۆیانە.

خوایە كارەكە لە دەست ئێمە دەرچووە هاوار بۆ تۆ ئێمە هەردوو حیزبەكان بگەڕێنیتەوە سەر ڕێبازی ڕاست و خزمەتگوزاری میللەت و گێڕانەوەی متمانە لە نێوانماندا.