دەروونناسیی

ئەحمەد ڕەزا


07/04/2022

نەخۆشییەكی گرنگ لە منداڵییەوە:
ADHD

* شپرزەیی " كەمیی سەرنجدان و جوڵەی زۆر/ هاروهاجیی"

* قصور الانتباە و فرط الحركة
attention deficit hyperactivity disorder 

شپرزەیی " كەمیی سەرنجدان/ تركیز، یان پەرتبوونی سەرنج و جوڵەی زۆر"، كە بە نەخۆشیی ADHD ناسراوە، لە گەوراندا پەیوەندیی بە تەندروستیی ئەقڵەوە هەیە. لە كۆمەڵێك كێشەی بەردەوام پێكدێت، وەك هاروهاجیی لە منداڵیدا، سەرنج پەرت بوون، ڕەفتاری پەلەپەل كردن، لە گەورەبوونیشدا پەیوەندیی ناجێگیر، لاوازیی كاركردن و كەمبوونەوەی باوەڕ بەخۆبوون و خەمۆكیی و دڵەڕاوكێ و حولحولێتیی.

ئەم شپرزەییە لە تەمەنی 3- 6 ساڵیدا سەرهەڵئەدات، زۆرترینی لە تەمەنی 5 ساڵاندا، نیشانەكانی زوو دەرئەكەون، بەڵام لە هەندێك كەسدا دەركەوتنی نیشانەكانی ئەگاتە تەمەنی باڵق بوون.

لە هەر 10 منداڵێكی تووش بوو بەم شپرزەییە، سێ كەسیان ئەگاتە قۆناغی هەرزەكاریی، واتە لەو حەوت كەسەكەی تردا تێئەپەڕێت و ئاسەواری نامێنێت، یان شێوەی ئەگۆڕێت و هاوسەنگیی دروست ئەبێت. بۆ نمونە ئەو گەنجانە هەندێكیان تووشی خەمۆكیی و هەندێكیتریان حولحولیی دەرئەچن، یان ئەبن بە بەنگكێش.. كەواتە پێویستە لە پێناوی پاشەڕۆژیاندا بە دروستیی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

 لە هەندێك حاڵەتدا پەیوەندیی بە پێكهاتەی مێشكەوە هەیە، بۆ نمونە نەخۆشی تووشبوو بە ADHD ڕەنگە بەشی پێشەوەی مێشكی - كە كۆنترۆڵی لێدانی دڵ و ڕێكخستن و سەرنجدان ئەكا- بە خاویی گەشە بكات.. جگە لەوەی نەخۆشییەكە خۆی بۆماوەییەو بۆ نەوەكان ئەگوێزرێتەوە، لەبەرئەوە هەندێك دایك و باوك، كە ئەزانن خۆیان تووشبووی ADHD ن، باشتروایە، وردتر چاودێریی مناڵەكانیان بكەن و پشكنینیان بۆ بكەن.

لە هەندێ باری تریشدا دڵەڕاوكێ و خەمۆكیی و تاقەت نەبوون بۆ خوێندنەوە، نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە دائەپۆشن و ئەیشارنەوە، لەبەرئەوە واڕاستترە ئەو تێكڕاییەی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە 4% مەزەندەكراوە بە تووشبووانی ADHD، زۆر زیاترە.

 لە هەندێ شوێنیشدا هەندێ سیمای ADHD ئەبێتە خاڵی بەهێز بۆ كارەكانیان:
لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە، كە نەخۆشی ADHD زیاتر حەزیان بە كاری داهێنەرانەو سەربەخۆیی و خێراییە لەچاو ئەوانیتردا، وەك پیشەی هونەریی و ئاگركوژێنەوەو مامۆستایی و ئەوانەی لە بواری ڕیكلامدا كار ئەكەن، یان پیشە بچووكەكان، زیاتر ئەو كارانەی خەڵك زوو ماندوو ئەبێت بەدەستیانەوە.

نیشانە دیارەكانی:

1-بێ ئاگایی/ غەفڵەت و نەتوانینی سەرنجدان:
دایكان ناتوانن تێبینیی سەرنجنەدانی مناڵەكانیان بكەن، تا نەچنە بەرخوێندن، سەرەتاش مامۆستا لە كاتی وانەوتنەوەدا، یان كاتێ كارێك بە مناڵەكەدا دائەدا،  هەستی پێئەكا.

جگە لەوەش مناڵانی تووشبوو بە ADHD ئاژاوەچین، ناتوانن سەرنجی زۆر بدەن و گوێ نادەنە هیچ یاساو ڕێسایەك و حەزیان بە بەزاندنی یاساكان هەیە، تەنانەت لە یاریكردنیشدا.. لەبەرئەوە كارەكانیان بە ئاژاوەگێڕانەو فەرامۆشكراو ئەبینرێتەوە.

هەروەك كێشەیان لە زۆروتندا هەیە لەهەر بابەتێكداو زوو تیایدا ئەوەستن، تاقەتی گوێگرتنیشیان لەوانیترنییە.. بە دەنگێكی بچووك یان جوڵەیەك سەرنجیان ئەڕوا، لە كاتێكدا ئەوانیتر هەستی پێناكەن، یان گوێی نادەنێ.. زەحمەتە لەگەڵ ئەوانیتردا هەڵبكەن، لەبەرئەوەی توانای سەرنجدان و ناسینەوەی میزاجی ئەوانیتریان لاوازە.. بە زیندەخەون و بایەخدانە تایبەتەكانی خۆیانەوە سەرقاڵن.

2-چالاكیی و جوڵەی بێ ئەنداز/ هاروهاجیی بەردەوام:
ئەمجۆرە لە مناڵیدا بەردەوام چاوەچاو/ " مماطلە" ئەكەن، لە سەعیكردن و دەرس و دەوردا، لە یاریكردن و جێگۆڕكێی بەردەوام، لە سێ خولەك زیاتر، توانای مانەوەیان نییە، بە كورتییەكەیتۆتكە ناگرن.. توانای یاریكردنی هێمنیان نییە، حەزیان بە ڕاوڕاوكێ و بازهەڵدانە بەسەر شتومەكدا، بە جۆرێك تەواو دایك و باوكیان بێزار ئەكەن.. تاقەتی گوێگرتنی چیرۆكیان نییە.

3-پەلەپەل:
نەمانی سەبرو ئارامیی، چاوەڕوان نەكردنلەسەرەی خۆیاندا، پەلەكردن لە وەڵامدانەوەو پێبڕینی قسەی ئەوانیتر، ئازاردانی خودی خۆیان، لەبەرئەوەی بەبێ بیركردنەوە هەڵسوكەوت ئەكەن، هەندێجاریش بەهۆی پەلەپەلییەوە بەركەسانیتر ئەكەون، یان لە شتی مەترسیدار نزیك ئەكەونەوە، یان لە ماڵ هەڵدێن، یان ڕێكردن بەشەقامداو خۆهەڵدان لە شوێنی بەرزەوە.

4-دەمارگیریی.

5-كێشەی زۆر لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەی فشار دروست بوون، یان ئاڵۆزیی تێپەڕاندنی كێشەكان.

بەڵام هەریەك لە ئێمە لە یەكێك لە ساتەكاندا نیشانەی ئەم نەخۆشییەمان لێدەرئەكەوێت، بە بێ ئەوەی دووچاریشی بووبین، ئەوكاتە ئەزانین كە بە ADHD ەوە گرفتارین، كە نیشانەكانی كەڵەكە بن و ببنە مایەی كێشەی بەردەوام و زیاتر.. نیشانەكانیش لەگەڵ ماوەی منداڵیدا یەك بگرنەوەو پەیوەندیی نەپساوە لە نێوان نیشانەكانیدا هەبن.. بەڵام لە گەورەبووندا، بە حولحولێتیی و شپرزەیی و دڵەڕاوكێ دەرئەكەون.

هۆكارەكانی تووشبوون بە ADHD:

1-هۆكاری بۆماوەیی.

2-جگەرەكێشان و خواردنەوەی دایكان، لە دووگیانییدا.

3-دووچار بوون لە مناڵیدا بە ژەهرە ژینگەییەكان وەك خوێی فۆسفات و قوڕقوشم.PBso4

دەرەنجامە خراپەكانی:

1-تەممەڵیی لە خوێندن یان كاركردن.

 

2-بێ ئیشیی.

3-كێشەی دارایی.

4-كێشەی یاسایی.

5-ئالوودە بوون بە خواردنەوەو بەنگ/ هۆشبەر.

6-دووبارە بوونەوەی ڕووداوی ئوتومۆبیل، یان ڕووداویتر.

7-پەیوەندیی ناجێگیر لەگەڵ خەڵكدا.

8-خراپیی تەندروستیی جەستەو ئەقڵ.

9-لاوازیی وێنەی خود.

10-هەوڵی خۆكوشتن.

چارەسەر:

باشترین ڕێگە چارەسەر، بۆ زاڵبوون بەسەر ADHD دا، سەردانیكردنی پزیشكە، لەبەرئەوەی جگە لە ڕووە دەروونییەكەی، پێویستیی بە داوودەرمانیشە.. بەڵام لەسەرەتادا پێویستە دایك و باوك بە هیچ جۆرێك پەنا نەبەنە بەر لێدان و تووڕە بوون، گرنگتر ئەوەیە ڕۆتینیان لەگەڵدا بەكاربهێنرێت و كاتی تەواویان بۆ جووڵە پێ ببەخشرێت، هەروەك لە هەندێ قوتابخانەدا ڕەچاو ئەكرێ.

سەرچاوە:

- موقع mayo clinic / اضطراب فرط الحركةو تشتت الانتباه عند البالغين/ 10/ 11/ 2021.

- منال العبدلاوي – حقائق لايعرفها الكثيرون عن اضطراب فرط الحركةو تشتت انتباه الأطفال– موقع الجزیرة – 22/ 4/ 2021.