نەورۆز‌و كۆرۆنا

حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید


پێش 3 هەفتە


هاونیشتمانیانی بەڕێز
كوردستانیانی خۆشەویست
ئەم كاتەتان باش‌و سڵاوتان لێبێت
ئازیزان
 حەزمكرد لەم نەورۆز‌و بەهارە خەمگینەدا، بەچەند رستەیەك بێمە خزمەتتان.
سەرەتا پێتان بڵێم  نەورۆزتان پیرۆز‌و  خوای گەورە‌و یارو یاوەرتان بێ‌‌و بتاپارێزێت.
هەموان ئاگادارن، ساڵی 1988 بەهارمان نەبوو، نەورۆزمان نەكرد. ئەوانەی تەمەنیان گەورەیە چیرۆكەكەی دەزانن، ئەوانەشی نەیانبینی‌و بیریان نییە،لەرێگەی گێڕانەوە‌و یادكردنەوە‌و بەدیكۆمێنكردن، حیكایەتی 16ی ئازاری 1988‌و  گازبارانی هەڵەبجەیان زانیوە‌و لێی ئاگادار بوون كە كورد بەهارو نەورۆزی لەو سالەدا نەبووە.

ئەوكات كوردستان داگیر كرابوو،لەو سەرەتای بەهارو نەورۆزەدا ئەنفالی كوردان دەستی پێكرد بوو، كوردستان بێكەس‌و پێشمەرگە بەچەكی سووك‌و دەستی خاڵی لەگەڵ جەماوەرەكەیدا،ڕووبەڕووی سیاسەتی لەناوبردن‌و كوشتاری بەكۆمەڵ بوو بوونەوە.
بەیەكڕیزی گەل لەبەرانبەر سەدام‌و هێزو تۆپ‌و تەیارەو چەكە كوشندەكانیدا وەستابوون.ئەویش بڕیاری دابوو بەهەموو شێوە‌و هەموو رێگەیەك كە پێی دەكرێت، گەلی كورد لەناو ببات‌و كوردستان بەیەكجاری بسوتێنێ.یەكێك لەرێگاكانی كۆمەڵكوژی‌و كیمیابارانی پێشمەرگە‌و خەڵك بوو.

رۆژی 16ی ئازاری 1988 گازبارانی شاری هەڵەبجەو دەوروبەری كرد. پێنج هەزار هاوڵاتیی كورد بەو گازە ژەهراوییە خنكاند‌و هەزارانی دیكەی بریندار كرد‌و لەچەند كاتژمێرێكدا شارو ناوچەكەی لەگەڵ خاك‌و خوێن‌و بۆمب‌و گازو دوكەڵدا نوقم كرد.
بەهۆی ئەو كارەساتە خەمناك‌و ناخهەژێنەوە، خەڵكی كوردستان‌و كوردانی تاراوگە‌و دۆستانی كورد، نەورۆزیان نەكرد‌و بەهاریان نەبینی، لەهیچ جێگەك ئاهەنگ‌و شادی ئەنجام نەدرا.مەگەر تاك‌و تەرا چەند كوردێكی خۆفرۆش سەیرانیان لەو بەهارەدا كردبێ‌.

خۆشەویستان:
 وا 32ساڵ دوای ئەو كارەساتە، جارێكی تر بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، خەڵكی كوردستان نەئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن‌و نە سەیران‌و شایی بەهارانە دەكەن. هەر بۆیە لێرەوە دەڵێین نەورۆزتان پیرۆز بێ‌ لەماڵەكانی خۆتاندا، هەروەها سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی ئەو ھاوولاتییەی بەم نەخۆشییە گیانی لەدەستدا‌و هاوخەمی بۆ خانەوادەو کەسوکارەکەی دەردەبڕین، هیوای زوو چاك بوونەوەش بۆ ئەوانە لە یەزدان دەخوازین كە تووشی نەخۆشییەكە بوون.

هاووڵاتیانی ئازیز:
  دەزانم لەم كاتەدا‌و لەترسی تەشەنكردنی ئەم ڤایرۆسە، باری دەروونی هەموومان نائارامە،ئەو  ھەموو ھەواڵ‌و وتار‌و قسەكردنە لەو بارەیەوە، ئاسان نییە‌، هاووڵاتیان لەبەیانیەوە تا نیوە شەو لەماڵەكانی خۆیاندا تەماشاكەر‌و گوێڕادێری ئەو هەواڵ‌و زانیارانەن، تابزانن چەند كەس تووش بوون؟ چەند كەس چاك بوونەتەوە؟، چەند كەس مردوون؟ ئەو چاوەڕوانی و هەواڵانە جۆرێك لەنائارامی دەروونی دروست دەكەن‌و پرسیاری ئەوە دەكرێ‌ تاكەی لەو دۆخەدا لەچاوەڕوانیدا ئەبین؟
بێگومان بەپێی هەواڵە زانستی‌و پزیشكییەكان، كات‌و ماوەی زیاتر پێویستە تاچارەسەر بۆ ئەو ڤایرۆسە دەدۆزرێتەوە‌و لەكۆڵمان دەبێتەوە.

بۆیە باشترین رێوشوێن لەم كاتەدا بۆرێگرتن لەبڵاوبوونەوە‌و تووشنەبوون بەم نەخۆشییە، خۆپاراستنە، خۆپاراستنیش بە دابڕان لەیەكتر‌و مانەوە لە ماڵەكاندا دەبێت.ئەوەش تەحەمول‌و سەبری دەوێت، بۆیە دەبێ‌ خۆڕاگر بین‌و سەختی ئەو دۆخە هەڵگرین‌و پابەندی رێنمایی‌و ئامۆژگارییە تەندروستییەكان بین‌و جێبەجێیان بكەین. ئەوەش دەبێتە كۆنترۆڵكردنی ئەو ڤایرۆسە‌و بەكەمترین زیان لێی دەردەچین.

تا ئێستا بەهیمەتی هەموو لایەك‌و پابەندبوون بەرێنماییەكان  كەمترین تووشبوومان لەهەرێمی كوردستان  هەیەو یەك نەخۆشیش گیانی لەدەست داوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین تیمەكانی تەندروستی‌و پزیشك‌و 

پەرستیاران‌و هێزەكانی ئەمنی‌و ناوخۆ، بەو پەڕی ماندوونەناسییەوە لەئەركی رووبەروو بوونەوەی ئەم ڤایرۆسەدا چەند ماندون.گەر  خوا نەخواستە، ئەم ڤایرۆسە تەشەنە بكات، گرتنەبەری رێوشوێنی قورستری  پێویستە، بۆیە دەبێ‌ خۆڕاگرتر بین، لەماڵەكانی خۆمان بمێنیەوە،گرفتەكانی كەرەنتینە و مانەوە لەماڵ‌و قەدەغەی هاتو چۆ، زیاتر تەحەمول بكەین‌و بەسەر دۆخەكە زاڵ بین.

خەڵكی بەشەرەفی كوردستان
ئەم نەخۆشییە بێگومان هەندێ‌ گرفتی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێ‌، دەبێ‌ بەحكومەت‌و خەڵكەوە خۆمانی لەبوارەكانی تەندروستی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و بوارەكانی دیكە بۆ ئامادە بكەین. نكۆڵی لەوە ناكرێت، كە هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە، ژێرخانی ئابووری زۆر جێگیر‌و دامەزراوەیی نییە،توانا‌و پێداویستی پزیشكی، سێكتەرەكانی دیكەی رووبەڕووبونەوەی ئەم نەخۆشییە‌و پێشهاتی دیكەی لەم جۆرەی سنووردارە. هەرچەند بەبەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی پێشكەتوو ‌و دەوڵەمەندی ناوچەكە‌و جیهان،هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی باشتردایە.ئەو ئەنجامەش بەهۆی خۆپاراستن‌و مانەوە لەماڵەكان‌و پابەندبوون بەرێنماییەكانەوە بەدەستهاتووە.بۆیە دەبێ‌ لەو رێوشوێنانە بەردەوام بین‌و بەجدیتر وەریبگرین. ھەروەھا 
سوپاسی هەنگاوەكانی خێرخوازان‌و دەوڵەمەندانی نیشتمانپەروەر دەكەم بۆ هاوكاریكردنی خەڵك‌و حكومەت، دەستخۆشییان لێدەكەم كەلە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، بینای نەخۆشخانە دروست دەكەن.
دەمەوێ‌ ئەوەش بەخێرخوازانی خۆشەویست بڵێم،بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە،لەبینا گرنگتر‌و لەپێشتر دابینكردنی پێداویستی‌و دەرمان‌و هاوكاریكردنی خەڵكی هەژارو كەم دەرامەتە.ئەم بابەتە دەبێ‌ پارێزگار‌و بەرپرسانی یەكە ئیدارییە خۆجێیەتییەكان رێكی بخەن.

من لەگەڵ چەند دكتۆرێكی بەڕێز لەو بارەیەوە قسەم كردووە،ئەوانیش هەمان رایان هەیە،دەڵێن خوانەكردە ئەگەر نەخۆشییەكە زیاد بكات، دەتوانین بۆ چارەسەركردن بینای خوێندنگاكان‌و بەشە ناوخۆییەكان بكەینە نەخۆشخانە، هەردوو وەزارەتی پەروەردە‌و خوێندنی باڵاش  بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكارییان كردووە.ئەوەتا 
پێش هەفتەیەك كوردێكی خێرخوازی دانیشتووی ئەوروپا بەناوی (بەكر محەمەد ئەحمەد جاف) پێی راگەیاندم، كەلەشاری هەولێر بینایەكی گەورە‌و گونجاوی نوێی هەیە، بەبێبەرامبەر پێشكەشی دەكات بكرێتە نەخۆشخانە، دەستبەجێ‌ بەڕێز وەزیری تەندروستیم لێئاگادار كردەوە، تائێستا پێویستیان پێنەبووە.هیوادارم هەرگیز پێویستیان نەبێ‌.
لەبەر ئەوە جارێكی تر داوا لەخێرخوازانی دڵسۆزی كوردستان دەكەم زیاتر لەخەمی دابینكردنی پێداویستییە پزیشكییەكاندا بن  تادرووست کردنی بیناو ساختمان. ھەروەھا
لەم نێوانەدا  لێرەو لەوێ‌ دەبینین‌و دەبیستین، رەخنەو گلەیی لەبەرپرسان‌و حكومەت دەكرێت،كە لەئاست رووبەرووبونەوەی نەخۆشییەكەدا نین،جارێ‌  تائێستا لەئاست ئەوەی  كەهەیە، درێغی نەكراوە.ئەوەش بەمانای ئەوە نییە من بڵێم رەخنە لە حكومەت‌و كاربەدەستان مەگرن هەموو شت تەواوە، نا. بەڵام لەراستیدا هیچ حكومەت‌و بەرپرسێك حەزناكات لەئەركی بەرێوەبردندا شكست بهێنێ‌. لەو بارەیەشەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەرووبونەوەی ئەو نەخۆشییە درێغی نەكردووە‌و رێوشوێنی پێویستی بەرەنگاری بۆ داناوە‌و خەمی گەورەی بووە.بەڵام هەندێك روداوو پێشهاتی نەخوازراو‌ و چاوەڕواننەكراو هەن، كە لەدەرەوەی ئیدارە‌و سنووری بەڕێوەبردنن، وەك ئەم پێشهاتە چاوەڕواننەكراوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

 

بەرێزان 

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەمانگی تەمووزی 2019 پێكهات‌و دەستی بەكارەكانی كرد، سەرەتا لەكۆبوونەوەكاندا داوا‌و ئاواتی سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی‌و هەموو وەزیرەكان ئەوە بوو، كە وەك یەك تیم بەدڵسۆزی‌و بەتەبایی‌و دوور لەموازەیەدەی سیاسی كاربكەین.نیەت و هیوامان ئەوە بوو، كێشەكانی مووچە‌و بودجە‌و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان چارەسەر بكەین. پێداویستیە سەرەتاییەكانی خەڵك لە ئاوو كارەبا‌و ئەوانیتر دابین بكەین.چاكسازی بەرنامەی سەرەكی‌و خەمی لەپێشینەی ئەم كابینەیە بوو.

سەرەتا لەكۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا، لەو بارەیەوە قسەو گفتوگۆ دەكراو كاتێك ئەو نێتانە دەكرانە بەرنامەی كار‌و دەخرانەروو، من لەنۆرەی خۆمدا هەموو جارێك قسەم ئەوەبوو دەمگوت:ئەو ئەركانە لەكەش‌و هەوایەكی سیاسی ئارام‌و تەبا‌و بەیەكریزی حزبە سیاسییەكان‌و هەموو لایەك جێبەجێ‌ دەكرێن، ئەویش ئەگەر روداوو پێشهاتی نەخوازراو‌و چاوەڕواننەكراو نەیەنە پێش‌و بەرۆكی هەرێمی كوردستان نەگرن.

بەداخەوە  جگەلە لەچەندین كۆسپ‌و تەگەرەی سیاسیی نێودەوڵەتی‌و ناوخۆیی،لەبەردەم پرۆسەی سیاسیی لەعیراق‌و هەرێمی كوردستان. ئەوەتا پێشهاتی چاوەڕواننەكراوی ڤایرۆسی كۆرۆناش، بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، رام وایە بەئاسانی كۆتایی نایە‌و كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی دەبێ‌‌و بۆ چەند ساڵێك دەمانباتە دواوە.
 دووبارە داوا لەخەڵكی بەشەرەفی هەرێمی كوردستان دەكەم، زیاتر رێنمایی‌و رێكارەكانی  خۆپاراستن جێبەجێ‌ بكەن.

پشتیوان بەخوا‌و خەڵكی خۆمان‌و خێرخوازان، بەسەر ئەم نەخۆشییەدا زاڵ دەبین‌و هەرێمی كوردستان بەكەمترین زیان لێی دەردەچێت.
لەكۆتاییدا بەناوی خۆمان و وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوانەوە، ھەم پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و ھەم سوپاسی هەموو دكتۆرە بەڕێزەكان‌و تیمەكانی پزیشكی‌و چاودێری‌و چارەسەركردن، دەكەین‌و بەڕێزەوە ئەرك‌و ماندو بوونیان دەنرخێنین.

هەروەها پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لەهەموو دامودەزگاكانی میدیا‌و میدیاكارانی هەرێمی كوردستان دەكەم‌و پڕ بەدڵ سوپاسیان دەکەین كەلەم هەلومەرجە هەستیارەدا، بەئەركی نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و مرۆڤدۆستانەی خۆیان هەستان‌و دڵسۆزانە‌و خەمخۆرانە رووماڵی تایبەتیان كرد.
جارێكی تر نەورۆزتان پیرۆز‌و كوردستان ئاوەدان‌و هەمووان سەلامەت‌و تەندروست باش بن.
حەمەی حەمە سەعید
وەزیری رۆشنبیری‌و لاوان