کۆرۆنا .. و دیوێکی تاڵی حەقیقەت

د. هه‌ڤین كه‌مال


24/03/2020

ڕاچڵه‌كین- د. هه‌ڤین كه‌مال 

لەیەکێک لەبڕگە وەرزشیەکانی بەرنامەیەک لە ڕادیۆی مونتی کارلۆ ، پێشکەشکاری بەرنامەکە باسی لەوە دەکرد کەلەئێستادا ھەموو ھەواڵەکان باس لە دواخستنی کۆبونەوەکان و ھەڵوەشاندنەوەی کۆنفرانسەکان دەکات . وە لەئێستادا زۆربەی کوبونەوەکان کەپێویستن بۆ بڕیاردان لەسەر بابەتە گرنگەکان بە ئۆنلاین دەکرێت و ھەریەک لەووڵاتی خۆیەوە لە ڕێگای کۆمپیوتەرەکەیەوە بەشداری دەکات . ئەو پێشکەشکارە پرسیارێکی زۆر گرنگی ووروژاند : باشە ئەگەر لەتوانادا ھەبێت ئەو کۆنفرانس و کوبونەوانە بەمجۆرە بکرێت بەھۆی بازنەی تەلەفزیۆنی داخراوەوە، چ پێویست دەکات ئەو ھەموو پارەو سامانە لەگەشت و ئامادەکردن بۆ ئەو کۆنفرانس و کۆبونەوانە سەرفبکرێت یان بۆ سەرفکراوە ؟! باشە بۆ ھەمووی پێشتریش بەو شێوەیە نەئەکرا ؟ 

ئەم پرسیارە ئەو ڕووە باشەی ئەم پەتا ڤایرۆسیەمان بۆ دەردەخات، ئەو ڕووەی ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت کە مرۆڤ چەند گەندەڵ بووەو چۆن سامان و دەسەڵاتی بۆ چەند شتێکی بێسوود بەکارھێناوەو زیادەمەسرەفی تیاداکردووە . بەمەرجێک دەیتوانی ھەمان ئیش و کار بکات بە بێ تێچوونی ماددیی و تەنیا بە بەکارھێنانی ئەو تەکنەلۆژیاییەی لەبەردەستیدایە .

نەک تەنیا لەم بوارەدا، کۆرۆنا ڕووی زۆر شتی تری بۆ دەرخستین، وەکو ئەوەی کەجیھان بە جەنگ بەڕێوە ناچێت و ئەوانەی جیھان دەبەن بەڕێوە دەبێت ئەوانە بن کە بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێن و گرنگیدەدەن بەمرۆڤەکان . نەک ئەوانەی جەنگ ھەڵدەگیرسێنن و بازرگانی بەچەک دەکەن و بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن . ئەوەتا لە ئێستادا شتێک نەماوە بەناوی ووڵاتانی جیھانی یەکەم و ووڵاتانی جیھانی سێھەم ، ھیچ ڕیزبەندیەک نەماوە نە بۆ جیھانەکان ، نە بۆ ووڵاتەکان ، نەبۆ ھاوڵاتیەکان . نە شتێک ماوە بە ناوی ووڵاتانی پێشکەووتوو، نە ووڵاتانی دواکەوتوو و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش ماوە . ھەموو مرۆڤایەتی چونەتە یەک سەنگەر بەرامبەر بوونەوەرێک کەنەبەچاو دەبینرێت ، نەدەتوانرێت دەستی تێوەبدرێت، نە ھیچ دەتوانێت بەڕەنگاری بێتەوە . نە نەتەوە یەکگرتووەکان، نە ڕێکەوتنی نێوان وولایەت و دەوڵەتەکان ، نە بڕیاری ڤیتۆ دەیوەستێنێت ، نەھەرچی تەکتیکی سەربازییە لە جیھاندا . 

کۆرۆنا ئەو حەقیقەتەی ھەڵماڵی کە ژیان و جیھان دەبێت زاناکان و کەسە ژیرەکان بەڕێوەی بەرن ، نەک ئەوانەی بەدوایی بەرژەوەندی و ئارەزووی خۆیاندا دەگەڕێن و بۆ وەرگرتنی چێژ سامانەکانیان بەکاردێنن . ژیان جێگای ھیچ وپووچی و بێکاری و ڕابواردن نیە ، بەڵکو جێکای زانا وکەسە ماندوو نەناس و شەونخونەکانە . لەکاتی کێشەکاندا ھەمیشە جیھان و مرۆڤایەتی پەنا دەباتەوە بۆ زاناو داناکان ، پەنا نابات بۆ سیاسی و سەرمایەدار و نمایشکار و گەندەڵکاران ، تەنانەت پەنا نابات بۆ پیاوانی دین و فەیلەسوفەکانیش . تەنھا پەنا دەبات بۆ ئەو کەسانەی کە زانستخواز و ئیشکەرن، ئەو کەسانەی بەزانستەکەیان دەتوانن مرۆڤایەتی لە فەنابوون جارێکی تر ڕزگار کەن ، چونکە لەم کاتە ھەستیارانەدا تەنھا فریادڕەس ئەوانن . 

بیرمەند و فەیلەسوفی ئیسرائیلی یوڤاڵ نوح ھەراری ھەرچەندە خۆی فەیلەسوفێکی بەناوبانگی جیھانییە ، بەڵام ھەر دەگەڕێتەوە بۆ زانست و جەخت دەکاتەوە لەسەر ڕۆڵی زانست و زاناکان و گرنگیان لەم دۆخە ناھەموارانەدا . لەسەر بابەتی ئەم پەتا ڤایرۆسییە دەڵێت : "بۆ ئەوەی شکست بە درمێک و پەتایەک بھێنیت، پێویستە خەڵک متمانە بە پسپۆڕە زانستییەکان بکەن، ھاوڵاتیان متمانە بە دەسەڵاتە گشتییەکان بکەن، و ووڵاتەکان متمانەیان بە یەکدی ھەبێت. لەماوەی ئەم ساڵە کەمانەی ڕابردوودا، سیاسییە کەمتەرخەمەکان بەئەنقەست کارێکیان کردووە کە متمانە بە زانست و دەسەڵاتە گشتی و و ھاوکاریە نێو نەتەوەییەکان نەمێنێت . لە ئێستادا بۆ ئەوەی نەھیڵین کارەسات بخوڵقێت ، پێویستمان بەوەیە ئەو متمانەیە بگێڕینەوە کە لەدەستمان داوە، تۆ ناتوانیت ڕێگا لە درمێکی جیھانی بگریت بە پڕۆپاگەندە و گۆشەگیریی، تریاکی ڕاستەقینە زانست و زانیاریی و ھاوکاری نێودەوڵەتییە. " 

بەڵێ گرنگترین خاڵ لە ئێستادا بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەم پەتا ڤایرۆسییە جیھانییە ئەوەیە، منبەرەکان چۆڵ بکرێن بۆ زانا و پسپۆڕەکان و پزیشکەکان ، چیدی لەم دۆخەدا جگە لەوان گوێ بۆکەسی تر نەگیرێت . 

_یۆڤاڵ نوح ھەراری _ چەند بەرچاوو ڕوونیەکی تر دەدات لەسەر دۆخەکەو جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە: " ھیچ ووڵاتێک ناتوانێت بە ڕەنگاری ئەم پەتا ڤایرۆسییەی کۆرۆنا ببێتەوە بەتەنیا. بەڵکو پێویستمان بە پلانێکی جیھانییە کە ھەموو مرۆڤایەتی پابەند بێت پێوەی . بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ھەتا ئێستا سەرکردەکانی جیھان بەھیچ جۆرێک لەبارەی ئەم بابەتەوە گفتوگۆیان نەکردووە !"

" لەم قۆناغەدا شەیرکردن و بەشداریپێکردنی زانیارییە بەسوودەکان زۆر گرنگە کەپێویست دەکات ئەو ووڵاتانەی کەپێشتر پەتاکە تیایاندا بڵاوبۆتەوە ڕێنیشاندەر بن بۆ ئەو ووڵاتانەی تازە تیایاندا بڵاودەبێتەوە . ھەروەھا بەرھەمھێنان و دابەشکردنی ئامێر و پێداویستیە تەندروستیە بنچینەییەکان لەنێوان ھەموو ووڵاتەکاندا بۆ نموونە : سیت و کیتی تایبەت بە پشکنینی ڤایرۆسەکە ، ئامێرەکانی ھەناسەدانی دەستکرد." 

ھەراری جارێکی تر ڕۆڵی ھاریکاری نێودەوڵەتی و گرنگیەکەی دووپاتدەکاتەوەو دەڵێت : " ئەو ووڵاتانەی کەڕێژەی توشبووانیان کەمە و کەمتر زەرەرمەندن ، پێویستە پزیشک ، پەرستیار ، پسپۆڕەکان بنێرن بۆ ئەو ووڵاتانەی توشبوانی ڤایرۆسەکە ڕێژەیان زۆرە ، ئەویش لەبەر دوو ھۆکار ؛ یەکەم بۆیارمەتیدانیان ، و دووەم بۆ وەرگرتنی ئەزموون و شارەزاییەکی زیاتر و بایەخدارتر . ھەروەھا بنیاتنانی تۆڕێکی ئابووری جیھانی بەھێز بۆ یارمەتیدانی ئەو ووڵات و چینانەی کە زۆر زەرەرمەند بوون . و لەگەڵیدا داڕشتنی ڕێکەوتنامەیەکی جیھانی سەبارەت بە پشکنینی پێشوەختی ئەو کەسانەی کە گەشت دەکەن ، بەجۆرێک کە ڕێگا بدرێت بە ژمارەیەکی دیاریکراو لە گەشتکەرە بنەڕەتیەکان بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکان ." 

مرۆڤایەتی لە ئێستادا بەھەموو ئەو پێشکەوتن و تەکنەلۆژیاو زانستەی ھەیبوو، ئامادەبوو بۆ ئەوەی ئاسمانەکان و مەجەرەکان داگیرکات ! ئامادەبوو گۆی زەوی بسوتێنێت بە چەکە ناوەکییەکان و گازە کیمییاوییەکان ! ئامادەبوو چەندین گەل و نەتەوە بکات بە کۆیلە و بیانخاتە ژێر باری قەرزاری تەنھا بۆ دەستەمۆکردنیان ! ئامادەبوو ژینگە پیس کات و ھەموو مرۆڤایەتی بەرەو فەنابوون بەرێت! بەڵام ئامادە نەبوو بۆ ھیرشێک وەکو ھێرشی ئەم پەتا ڤایرۆسییە! ھەرگیزیش چاوەڕوانی نەدەکرد .

لەئێستادا ھەموو جیھان و ھەموو مرۆڤایەتیش ڕاستییەکی زۆر زەق دەرک پێدەکەن، و زۆر باش دەزانن کەلەئێستادا لەژێر ڕەحمەتی زانست وزانا و خولقێنەردان بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لەم پەتا ڤایرۆسییەی کە جۆرێکە لە ڕاپەڕینی سروشت لەدژی نالەباری و خۆوویستی مرۆڤ .