كوا مووچەی مانگی ١٢

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی


30/12/2022

وا دیارە حكومەت دەیەوێت هەر ساڵێك بە قەیرانێك كۆتایی پێ بهێنێت. ساڵ بە ساڵ و قەیران بە قەیران بسپێرێت بەبێ ئەوەی چارەسەرێكی راستەقینە بۆ كۆی كێشە كەڵەكە بووەكانی هەرێمی كوردستان بكات. قەیرانی ئەمساڵ پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە ژیانی تاك بە تاكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بریتییە لە دابەشنەكردنی مووچەی مانگی ١٢ و هێشتنەوەی سەدان هەزار كارمەند‌ی مافخوراو لە بازنەی داخراوی پێویستی و هەژاری دا. 

ئە‌گەر لەم ساڵ دا كە نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە سەرو ١٠٠ دۆلاری ئەمەریكی، حكومەتە ناساواكەی هەرێمی كوردستان، نەیەوێت یان نەتوانێت مووچە دابین بكات، ئایا لە ساڵی ئایندە كە نرخی نەوت بۆ ئاستێكی مەترسیدار هەرزان دەبێت، چۆن مووچە دابین دەكات؟ چەند مووچە لە ساڵێكدا دەدات بە كارمەندەكانی؛ چوار مووچە، هەشت مووچە، یان زیاتر؟ 

ژمێریارێكی ئاسایی دەزانێت كە حكومەتی هەرێم لە نەبوونی دا نییە كە مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ نادات. بەڵكو نەدانی مافی مووچە بە خاوەن مافەكان، هۆكاری تایبەتی تری هەیە.

حكومەت تەنها لەمانگی ١١ ی ئەم ساڵ داهاتەكەی یەك تریلۆن و چوارسەدو بیست ملیار دینار بووە، هاوكات كۆی خەرجی و پارەی مووچەش بۆ مانگی ١١، تەنها پێویستی بە كەمتر لە یەك ترلیۆن دینار بووە، كەواتە حكومەت نەك كورتهێنانی نییە، بەڵكو٤٠٠ ملیار دیناریشی زیادە بووە و پارەی تەواوی لەبەردەست بووە كە موچەی مانگی ١٢ بدات. بەڵام نەیداوە.

وەك ئەندامی  لیژنەی دارایی و لیژنەی سامانە سروشتیەكان، و بەپێی بەدواداچونەكانمان، داهات و خەرجی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم جۆرەیە:

١. بە پێ داتای فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان: 
- فرۆشی نەوت لە مانگی ١١/ هەناردەكردنی نەوت ڕۆژانە بریتیە لە ٣٢٤هەزار و ٤٠٠ بەرمیل نەوتی خاو.

-هەناردەكردنی نەوت بە بۆری جیهان بۆ مانگی ١١ / كۆی گشتی نەوتی هەناردەكراوی تۆماركراو بریتیە بووە لە ٩ملیۆن و ٧٣٢ هەزار بەرمیل نەوتی خاو.

-یەك بەرمیلی نەوتی كوردستان بە ٧٤دۆلاری ئەمەریكی فرۆشراوە.

- كۆی گشتی ئەم داهاتە دەكاتە (٧٢٠،١٦٨،٠٠٠) حەوسەد و بیست ملیۆن و سەد و شەست و هەشت هەزار دۆلار. كە بە نزیكەیی بە دینار دەكاتە یەك تریلێون و هەشتا ملیار و دووسەد و پەنجا ملیۆن دیناری عێراقی.

٢. داهاتی ناوخۆی سلێمانی (١٠٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد و سێ ملیار دینار بووە.

٣. داهاتی ناوخۆی پارێزگای و هەولێر و دهۆك(٢١٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠)دوو سەد  و دە ملیار دینار بووە.

٤. (٢٧،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) بیست و حەوت ملیار دینار هاوكاری هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین كراوە.

٥. واتە كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كوردستان لەم مانگەدا بریتیە لە یەك ترلیۆن و چوار سەد و بیست ملیار دینار!

٦.لە بەرامبەر ئەم داهاتەدا، خەرجی مووچەی حكومەت  بۆ مووچە خۆران بریتیە لە نۆسەد ملیار دینار. خەرجی سەرۆكایەتیەكان و وەزارەت و دەستەكان (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠) سەد و بیست ملیار دینارە. كەواتە كۆی گشتی خەرجی هەرێم بۆ مانگێك بریتیە لە تەنها یەك ترلیۆن و بیست ملیار دینار.

٧.  دوای دەركردنی كۆی خەرجیەكان ، حكومەت (٤٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) چوار سەد ملیار دینار زیادە داهاتی هەیە، كە كەس نازانێت بۆ كوێ دەبرێت. نەك تەنها ئەم چوارسەد ملیار دینارە، بەڵكو ئەگەر حكومەتی هەرێم مووچەكە نەدات، ئەوا كەس نازانێت چارەنووسی تریلیۆنێك دیناریش كە موڵك و مافی خەڵكە دەكەوێتە كام گۆمی لێڵی فێڵی سیاسییەوە. 

حكومەتێك كە بەپێی ژمارە راگەیەندراوەكانی خۆی، توانای دابەشكردنی مووچەی هەبێت كە بیدات و نەیدات، پرسیاری گەورە لەسەر خۆی دروست دەكات. ئەركی ئێمەیە بە دەنگی بەرز ئەو پرسیارە لە حكومەت بكەین كە كوا مووچەكانی ئەو خەڵكە؟
 پشتیوان بە خوای گەورە هەمووفشارێك دەكەین تا تا لە ساڵێكی پڕ داهاتی وەك ٢٠٢٢دا، ڕۆژمێری حكومەتی هەرێم بۆ مووچە نەبێتە ١١ مانگ!

#كوا موچەی مانگی١٢

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی
ئەندامی لیژنەی دارایی