ئایا عیبرەت لە کۆرۆنا وەردەگرین؟

عارف قوربانى


04/04/2020

بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، زۆرجاری دیکە نەخۆشی گوێزراوە، ڤایرۆس، پەتای کووشندە لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆکاری مردنی ملیۆنان مرۆڤ. واتا ڤایرۆسی کۆرۆنا نە یەکەم ڤایرۆسە و نە دوا مەترسی، ئەمیش تێدەپەڕێ و ڤایرۆسی کووشندەتریش سەرهەڵدەدات و ژیانیش لەو ململانێیەدا هەر بەردەوام دەبێت.
 
بەڵام ئەوەی لە رابردوودا بەهۆی ئەم جۆرە رووداوانەوە گۆڕاوە، عەقڵیەتی مرۆڤ و رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی بووە. بۆ ئێستاش کۆرۆنا بە زیانە تەندروستی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانییەوە تێدەپەڕێت و ئەوەی پێویستە و چاوەڕوانکراویشە بگۆڕێت، ئیدارەدانی ئەمڕۆی جیهان و عەقڵیەتی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەیە.
 
بێگومان وەک چۆن ڤایرۆسەکە تەواوی جیهانی گرتووەتەوە، کاریگەریی و لێکەوتەکانیشی جیهانی دەبن، گۆڕانکاری بەسەر سیستەمی ئابووری و سیاسیی جیهاندا دێنێت، پەیوەندیی دەوڵەتەکان، بازرگانی، تەنانەت جۆری کاڵا و بەرهەمیش دەگۆڕێت.  سەرەڕای ئەو خەسڵەتە جیهانییە و لێکەوتەکانی بۆ سەر مرۆڤایەتی، بەڵام هەر وڵات و کۆمەڵگەیەکیش بە تایبەتمەندیی خۆیەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانییەوە.
 
بۆ کوردستان وێڕای ئەوەی لە ژمارەی تووشبووان و مردن لە زۆربەی وڵاتان کەمترە، بەڵام زیاتر لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانمەندن لە ڕووی تەندروستییەوە، پێویستی بە وەرگرتنی پەند هەیە.
 
هۆکاری ئەوەی لانی کەم تاوەکو ئێستا، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و دەوروبەر باشترین، بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە ئێمە زۆر زوو بڕیاری خۆپارێزیی و رێکارەکانی رێگری لەبڵاوبوونەوەیمان پەیڕەوکرد. هەڵە نەبم لەدوای چین دووەم وڵات بووین بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ و کەرەنتینەی گشتیی درا. ئەم بڕیارە چەندی پەیوەندی بە رێنماییەکانی تیمی تەندروستیی چینییەکانەوە هەبوو کە هاتبوونە کوردستان، لەوەش زیاتر پەیوەندی بە توانای تەندروستیی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، نەک لەدرککردن بەو رێکارە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی، بەڵکو لە ترسی کەمیی شوێنی پێویست بۆ مانەوەی نەخۆش، لە ئەگەری زۆر بڵاوبوونەوەی.
 
جۆری ئەم ڤایرۆسەو پێویستیی چاودێری نەخۆش و رێکارەکانی چاکبوونەوەی نەخۆش بۆ زۆربەیان پێویستی بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە، لە هەموو هەرێمی کوردستان بە کەرتی حکومی و تایبەتیشەوە ژمارەی ئەو ئامێرە، بەشی ئەوە نییە مرۆڤ لەڕووی بێت بەژمارە باسی بکات هێندە کەمە.
 
کولفەی کڕینی ئەم ئامێرە هێندەش زۆر نییە بووترێت هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا نەشکاوە، تەرخانکردنی پارەی یەکێک لەو باڵەخانانەی چوونەتە ئاسماندا، بەس بوو بۆ ئەوەی سەدان دانەی پێبکڕدرێت، بەڵام نەبوونی پلان، هەروەها گوێپێنەدان و بایەخنەدان بە گرنگیی کەرتی تەندروستیی گشتی هۆکاری ئەوەیە کە پێویستبێ بۆ ماوەیەک زۆر زیاتر خەڵکی کوردستان لە ماڵەکانیان بمێننەوە. دەبێ عیبرەت لە کۆرۆنا وەربگرین بۆ دوای تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە کە بایەخی پلەیەکی حکومەت بۆ کەرتی تەندروستیی گشتی بێ.
 
نەک تەنها بۆ کڕین و دابینکردنی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی ئەم کەرتە بۆ هەموو ئەگەرێکی چاوەڕوان نەکراو لە داهاتوودا. ئێستا ئەگەر خەسڵەتی ئەم ڤایرۆسە بەو جۆرەیە پەیوەندی بە سییەکانی مرۆڤ و سیستەمی هەناسەدانەوە هەیە، رەنگە رۆژانێک جۆرێکی دیکەی ڤایرۆس سەرهەڵبدەن کە کاریگەرییەکانیان لەسەر بەشێکی دیکەی جەستەی مرۆڤ بێ، کێ ناڵێ چوار ساڵی دیکە جۆرێک ڤایرۆس گەشە ناکات و مێشکی مرۆڤ بپوکێنێتەوە.
 
نهێنی هەموو سەرکەوتنێکیش لەوەدایە، ئەگەری چاوەڕوان نەکراویش لەبەرچاو بگیرێت. بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان ئەگەر لەڕووی تەندروستییەوە کەمترین زیانمەندی ئەم بەڵا جیهانییەش بوو، لەداهاتوودا زۆرترین بایەخی بۆ کەرتی تەندروستیی گشتی بێ.
 
یەکێکی دیکە لەو لایەنە پێویستییانەی دەبێ هەرێمی کوردستان جیاواز لە هەر وڵاتێکی دیکە حیسابی لەسەر بکات، لێکەوتە و کاریگەرییە ئابوورییەکانی دوای کۆرۆنایە. راستە چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە جیهاندا، کاریگەری و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووری جیهان قەیرانێکی دارایی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت و قەیرانەکەش جیهانی بێ، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی ئەوەی هەیە پێچەوانەی کاریگەرییەکەی لەڕووی تەندروستییەوە لە رێژەی تووشبون و مردن، بۆ کوردستان قەیرانی دارایی لەپێشی هەموو وڵاتانەوە دەردەکەوێ و زیاتر کاریگەر دەبێ.
 
رەنگە دواجار بەهۆی کۆمەکی نێودەوڵەتی و پارەی یەدەگی عێراقەوە، بە ئازارەوە تێیپەڕێنین، بەڵام دەبێ کوردستان بخاتە بەردەم پێداچوونەوەیەکی گەورەی سیستەمی دارایی و سیاسەتی ئابوورییەکەیەوە.
 
ئەگەر ئێستا بووینەتە نمونەیەکی سەرکەوتوو لەوەی رێژەی مردن و توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمترە بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتان، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا لەڕووی کاریگەریی ئابوورییەوە دەبینە نموونەیەکی بەرچاو لەو وڵاتانەی تووشی قەیرانی دارای دەبن. هۆکارەکەیشی پەیوەندی بەو شێوازەی رابردووی خۆمانەوە هەیە لە چۆنیێتی خۆ بەرێوەبردنی هەرێمەکەمان.
 
تەماشاکەن حکومەت داوا لە سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان دەکات هاوکاری بکەن لەتێپەڕاندنی ئەم قەیرانە. حکومەت داهاتەکانی لەدەست داوە و پارەی یەدەگیشی نییە. بەڵام هێشتا هەندێ لە کەرتی تایبەت داهاتیان بەردەوامە، بەشێکی زۆری سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان پارەی پاشەکەوتکراویان هەیە. ئایا نەدەکرا لە رابردوودا حکومەت خۆی بەشێک لەو کەرتانەی بەڕێوە ببردایا یان لانی کەم بە هاوبەشی کەرتی تایبەت بوایە، هەتا ئێستا هەموو دەرگەکانی بەڕوودا دانەخرێن؟ ئینتەرنێت، ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، کۆمپانیاکانی هێنان و گواستنەوەی دەرمان و کاڵا خۆراکییەکان، لەهەموو هەلومەرجێکدا وەک بەشێک لەپێویستی بەردەوام دەبن، بەڵام داهاتەکانیان بۆ حکومەت نییە.
 
ئێستا کەسانێکی کەم  لەسایەی حوکمڕانیی کوردی و سیاسەتی ئابووری هەرێمی کوردستان خاوەنی دەیان ملیار دۆلارن، بەڵام حکومەتیش بە دەیان ملیار دۆلار قەرزارە.
 
ئێرە کۆتایی ژیان نییە، ئەم ئەزمانەش  قوربانییەکانی هەرچەندبن تێدەپەڕن، بەڵام پێویستە پەندیان لێوەربگیرێت و بکرێنە کۆتایی سیاسەتی ئابووری خراپ و سیستەمی بەڕێوەبردنی هەڵە.
 
کوردستان دەتوانێ بە پلانێکی باش بە زوویی ببێتە وڵاتێکی خۆژیێن. جیهان لێرە راناوەستێ، کۆرۆنا تێدەپەڕێنین و دەبێ هەرێمی کوردستان بەشی ئەوە پەندی لێوەرگرێت لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی هەر پەتاو نەخۆشییەکی دیکە، چۆکی پێدانەدات.
 
ئێمە عیبرەتمان لە قەیرانی دارایی و لە شەڕی داعش وەرنەگرت. پێویستە ئەو ئەزموونە ببێتە عیبرەت بۆمان و لەئێستاوە دەسەڵاتدار و حوکمڕانانی کوردستان، کاری لەپێشینەیان بۆ ئەوەبێ، ڤایرۆس و پەتا و شەڕەکانی داهاتوو وەک ئێستامان لێ نەکەن.

 

 لە وێبسایتی رووداو وەرگیراوە