دیوێکیتری قێڕاندن؛ سیاسەتكردن بە تۆنی دەنگ!

زریان رۆژهەڵاتی


10/04/2020

بۆچی هەندێک لە سیاسی و کەسە گشتییەکان کاتێ قسە دەکەن دەقیڕێنن، هاتوهاواردەكەن؟ لەوانەیە یەكەم وەڵامێك كە بە زەینماندا بێت، ئەوە بێ كە دەشێ قیڕە ئامڕازێكی توندوتیژی بێت. بە قیڕە، زۆری خۆمان بەسەر ئەویتردا دەسەپێنین. ئەمە رێگایەكی سەرەتایی مرۆڤ و تەنانەت ئاژەڵەكانیشە بۆ نیشاندانی هێزداری بەڵام تەنها ئەوەش نییە.


لەوانەیە مژاری ئەوەی كە چۆن مرۆڤ بە قیڕە و دەنگبەرزكردنەوە دەتوانێت هێزداریی خۆی دەرخات، لە چوارچێوەی پسپۆڕیی سایكۆلۆژیستەكاندا بێت بەڵام بۆ دنیای سیاسەت، روونە كە زۆرێك لە سیاسی و سەربازەكان لە دنیا، لە وەختی جەنگ، هەڵبژاردن یان گوتارێكدا بۆ جەماوەر، پەنایان بۆ دەنگبەرزكردنەوەو یاریكردن بە تۆنی دەنگیان بردووە و دەیبەن. زۆرێك لە فەرماندەكان لە جەنگە سەرەتاییەكاندا، بە دەنگی بەرز و قیڕە هەوڵی گواستنەوەی وزە، ورە و هێزداریی خۆیان بۆ جەنگاوەرەكان داوە تا شەڕەكانیان ببەنەوە. ئێستاش گەلێك لە سیاسییەكان لە وەختی گوتاری جەماوەری و هەڵبژاردندا بە دەنگی بەرز وتەكانیان باسدەكەن. لەوانەیە ئەمەش لەبەر ئەوەبێت كە لە نەستی ئەواندا ئەوە شاراوە بێت كە چەندەی دەنگبەرز بكەنەوەو بقیڕێنن، خەڵكێكی زیاتر گوێی لێیان دەبێت و بڕوایان پێدەكات. واتا لێرەدا قیڕە وەك ئامڕازێك بۆ درووستكردنی بڕواداری بە بابەت و قسەیەك بەكاردێت. لەوانەیە بۆچوونە شاراوەكە ئەمە بێت: ئەگەر بقیڕێنم خەڵك زیاتر بڕوام پێدەكەن!


لەگەڵ پێشكەوتنی زمان و فراونبوونی بەستێنی وشەكان لای مرۆڤ، بەكارهێنانی قێڕە و هاتوهاوار بۆ گەیاندنی پەیام كەمتر بوو. لەناونەچوو بەڵام، وەكجاران لە هەر سات و بۆنەیەكدا، لەلایەن هەموو كەسەوە بەكارنایەت. بگرە لە هەندێك شوێنیش بەرەبەرە دەنگبەرزكردنەوە بوو بە عەیبە. كەوایە، مادام وشە زۆربوو، زمان پێشكەوت ئیتر بۆچی هەندێك لە مرۆڤەكان هێشتا بۆ گەیاندنی پەیامەكانیان پەنا بۆ قیڕە و هاتوهاوار دەبەن؟ خۆ ئەگەر بە تۆنێكی نزمتریش قسە بكەن، خەڵك لەجاران ئاسانتر لێیان تێدەگات. لەوانەیە ئایدۆلۆژیا وەڵامیك بێت بۆ ئەو پرسیارە. هیتلەر كاتێك قسەی دەكرد دەیقیڕاند بەڵام گاندی بە دەنگێكی نزمتر قسەوی دەكرد. زۆرێک لە سەرکردە دیکتاتۆرەکانی جیهان، بەتایبەت ئەمانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە دەنگی بەرز قسەیان کردووە. لەوانەیە لێرەدا كولتوور و جۆری ئایدۆلۆژیاش دەوری هەبێت. ئایدۆلۆژیایەك كە پێیوایە بەرهەقە و تەنها ئەو راستە، زیاتر ئەوجۆرە سەركردە و فیگەرە گشتییانە بەرهەم دینێت كە هەر دەقیڕێنن! ئایایدۆلۆژیایەكی نەرمتریش كە رێگا بە هەبوونی ئەوانی دیكە دەدات، لەوانەیە كاراكتەری سیاسی هێمن و لەسەرخۆتر بەرهەمبهێنیت. خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە قیڕەو هاتوهاوار بۆ گەیاندنی پەیام، زیاتر لە شار، لە لادێ و زیاتر لە كۆمەڵگا ئەمڕۆییەكان، لە كۆمەڵگا نەریتییەكاندا باو بووە بەڵام، هێشتا هەرماوە.


رەهەندێكی دیكەی دەنگبەرزكردنەوە لە دنیای سیاسەت و لەبەردەم جەماوەردا، بۆ نمایشكردنی هێز دەگەڕێتەوە. رۆبەرت گیلپین باس لەوەدەكات كە زۆرجار دەوڵەتان تەنها لەبەر بەرژەوەندی ئابووری یان هەڕەشەیەك پەنا بۆ جەنگ و توندوتیژی نابەن، بەڵكوو هەندێكجار بۆ ئەوەش دەیكەن كە رادەی هێزداریی خۆیان دەرخەن. دەشێ ئەمە بۆ ئاستی دەنگبەرزكردنەوە و هاتوهاواری سیاسیی یان تەنانەت گۆڕینی تۆنی دەنگی كەسایەتییەكی گشتیش شۆڕبێتەوە. لەوانەیە تاكەكانیش بۆ ئەوە بقیڕێنن یان تۆنی دەنگیان لەحاڵەتی ئاسایی بگۆڕن كە بڵێن ئەوەتا هەین، بمانبینن. هەندێكجار سیاسییەك دەقیڕێنێت بەڵام، هەندێكجار كەسێكی دیكەش گوتنی وشەكان درێژتردەكات. وەك ئەو سیاسییانەی كە قسەكانیان وەك شیعر خوێندنەوە لێدەكەن یان ئەو پەیامنێرەی كاتی ناوەكەی خۆی دەڵێت، چەند چرکەیەک زیاتر لە وشەیەکی ئاسایی درێژی دەکاتەوە. ئەمەش جۆرێکی سیاسەتە بەڵام بە تۆنی دەنگەوە!