ستران عەبدوڵا
ئاخرین جار نییە شەهیدەکان لەسەرمان دێنە جواب، ئاخرین جار نییە شەهیدەکان ئەڵێن "ئەمە حزبی خۆمانە، ئەگەر زیندووەکانیش لێی غافڵ بن ئێمە دوودڵ نین"، ئەم یەکێتییە میراتی سەدان ئازار و سەدان باری نالەباری کوردە، کە ئەم یەکێتییە سەدان گلان و پیلانی دیوە و بینی، گوشراوی ئەزموون و چڕی بەسەرهاتەکانی کۆکردووەتەوە، ئەم یەکێتییە باشترینەکانی کوردە و چاکترینەکانی کوردستانە.
ئای دەردو بەڵای دی کورد! تا خوا بە یەکیتی پاداشتی کردەوە، ئەی زۆر سەرکردە و رێبەر و پادشا و سوڵتانی کوردستانیی بەداخەوە مردن، تا خوا بە مام جەلال جوبرانی کردەوە.
خوا دەستی بە عەبدەکانی خۆوەیەتی، چونکە بەرهەمی ئارەزو و نیەتی خۆیەتی، دەستی بە یەکێتیەوەیە چونکە نایەوێت چیتر کورد گازەندەی عەدالەتی بۆ بکەن، دەیەوێ کورد هیچ نەبێ لەم سەدەی بیستویەکەدا، شوکرانە بژێری بن.
دەستی قەدەرە و تەمەننای بەشەرە، کە ئەم یەکیتییە بووەتە لۆگۆی کورد.
رەنجی فەرهادییە قوڵنگی نزای هەڵگرتووە، بێستونێک نییە رایگرێ و راینەماڵێ.
جارێ لەهەکاری کاری راستەڕیێی کردەوە، جارێکی تر لەئەنفال و هەڵەبجە و سێوسێنان، لەشەڕی نەگریسی ناوخۆ دەربازی کرد و کردییە یەدەگی رۆژگارانی خۆشتر.
لە ٣١ی ئاب و گەردەلولی تۆڵە و داوی ١٦ ئۆکتۆبەر پاریزگاری لێکرد و ئەوە دوو ساڵیشە، لە خیتابی لە ڕێلادان و چەواشەکاری بە باق و بریق دەیپاریزێ.
هەر خۆیەتی، یەکێتییەکەی مامە، هەر خۆیەتی، یەکێتییەکەی جارانە، هی کۆن و نوێ، هی دێرین و هی زێڕین، یەک یەکێتییە. وا لەخەم رسکاوە و لەداو تۆراوە و رووی لەکۆنگرەی پێنجەمیشە، هەقیەتی بێژێ هەمیشە سەربەرزبە ئەی هەڤاڵی یەکێتی