چۆن جوولەکەکان توانیویانە لە ناوچەیەکی پڕ کێشەی جیهان وڵاتێکی بەهێزی وەک ئیسرائیل دروست بکەن؟

لوقمان حەوێز


پێش 2 هەفتە

پرسیار: چـۆن جولەکـەکان توانیـویانە لە ناوچـەیەکی ئاوا پڕ کێشـەی جیـهان و لەنێـو ئەو هەمـوو کۆمـەڵگا و وڵاتە دواکەوتـووەی ڕۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـت وڵاتێکی پێشکەوتوو و بەهێزی وەک ئیسـڕائیل دروسـت بکەن..؟ نهێنیــەکان چیـن..؟

تێبینی: نوسینەکەم و وەڵامەکانم تەنیا خستنەڕووی چەند ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە سەبارەت بەو پرسیارەی سەرەوە کە پێویستە هەموو هاوزمانانم بیزانن، ئەم نوسینە پەیوەندی نیە بە ڕەفتارەکان و سەرپێچیەکانی حکومەتی ئیسڕائیل بەتایبەتی له کاتی تەنگژیەکان و جەنگەکاندا، بەتایبەتیش مامەڵەی ئەوان بەرامبەر بە هاوڵاتیە فەلەستینیە مەدەنیەکان و تاوانی کوشتنی بێ تاوانەکان، ئەوە پەیوەندی بە باتەکەمەوە نیە...

زۆر بە کـورتی هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارەی سـەرەوە بدەمەوە بە خسـتنەڕووی چەند خاڵێکی گرنگ، چونکە ئەگەر بابەتەکە ورد بکرێتەوە زۆر درێژ دەبێت و بگرە دەتوانرێت چەندەها کتێبی دەربارەوە بنوسرێت:

یەکەم: لەوانەیە لەلاتان سەیر بێت، بەڵام گەورەترین نهێنی پێشـکەوتن و بەهێـزی وڵاتی ئیسڕائیل سەرمایەگوزاری کردنێکی زۆرە لەبواری پەروەردەکردنی تاکەکان و هاوڵاتیەکانی بە گشتی، بەتایبەتیش لە بواری پەروەردە و خوێندن و فێربوون هەروەها پەروەردەی نیشتیمانی، زۆر بە وردیش گرنگی دان بە خوێندنی تێکڕای زانستەکان، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل یەکێک لە خوێندەوارترین دانیشتوانی هەبێت لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان و ئەو میللەته ببێت بە یەکێک لە کارامەترین و دڵسۆزترین میللەت لە کارەکانیان لەسەر ئاستی جیهان...

دووەم: بەستنی هاوپەیمانیەتی ستراتیژی لەگەڵ ئەمـەریکا، ئیسڕائیل لەوەتەی دروستکردنیەوە لە ساڵی 1948 و بەهۆی ڕاکێشانی سۆزی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بۆ خۆی دوای هۆلۆکۆست لە ئەوڕوپا، هەروەها بوونی ئەو هەموو جولەکەیەی لە ئەمەریکا دەژین توانی بەهێزترین لۆبی بۆ وڵاتی ئیسڕائیل دروست بکات لە ئەمەریکا و هەروەها لە ڕۆژئاواش بە گشتی، ئەو هاوپەیمانیەتیە ستراتیژیە بەردەوامەی لەگەڵ ئەمەریکا بۆتە هۆی یەکەم: مسۆگرکردنی مانەوەی ئیسڕائیل و دابینکردنی ئەمنیەتی درێژخایەن، دووەم: دەستکەوتێکی زۆری دارایی و گەشەپێدانی ئابووری و وەدەستهێنانی پێشکەووتوترین تەکنەلۆژیا و زانست لە ئەمەریکاوە بۆ وڵاتەکەیان...

سێیـەم: دروستکردنی لەشکرێکی سەربازی زۆر بەهێـز و دروستکردنی پیشەسازی و دامەزراوەیەکی سەربازی تۆکمە بە یارمەتی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا، ئیسڕائیل تاکە وڵاتی دونیایە کە تێـکڕای هاووڵاتیانی لە ژن و پیاو و گەنج و‌ پیر لەکاتی پێویست و کاتی شەڕەکاندا هەموویان سەربازن، ئەوان هێندە دڵسۆزن بۆ وڵات و نیشتیمانەکەیان و هێندە وڵاتەکەیان خۆشـدەوێت ئامادەسـازیان تێدایە هەموویان تێکڕا بجەنگن لە پێناویـدا، خزمەتی سەربازیش خزمەتێکی ئیجباریە بۆ ژن و پیاو وەکو یەکتری...

چــوارەم: خاڵێکی تری زۆر گرنگ هەیە ئەویش سیستەمی بەڕێوەبردن و مافەکانی هاوڵاتیبوونە، ئیسڕائیل تاکە وڵاتی ناوچەکەیە جیاواز لە زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری خۆی بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بە سیستەمێکی دیموکراسی پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت، یاسا سەروەرە و بۆ هەمووانە هەر لە سەرۆک وەزیرانەوە تاوەکو هاوڵاتیەکی عەرەبی موسوڵمان کە ڕەگەزنامەی ئیسڕائیلی هەیە، دادگاکان سەربەخۆن و ئازادی ئاینی و ئازادیەکانی تاک لەهەموو بست و کونجێکی ئەو وڵاتە دابینکراوە بۆ هەموو هاووڵاتیان، لەناو جەرگەی شاری تەلئەبیب مزگەوتەکان ڕێگریان لێ ناکرێت ڕۆژی پێنج جار لەڕێگەی بڵندگۆکان بانگ بدەن، هەموو هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لەهەر کوێیەکی دونیاوە هاتبن هەمان ماف و هەمان ئەرکیان هەیە، هاووڵاتیانیش ئەو سیستەمەی بەڕێوەبردن بەهی خۆیان دەزانن و لەهەموو کاتەکان بەرگری لێدەکەن، ئەمەش یەکێک لە نهێنیەکانی بەهێزی ئەو وڵاتەیە...

پێنجــەم: گرنگی دان بە داهێنان و لێکۆڵینەوە زانستیەکان، ئیسڕائیل خاوەنی دوو زانکۆی زۆر بەناوبانگە کە لەسەر ئاستی جیهان بە زانکۆیە هەر ناودارەکان و گرنگەکان دادەنرێن، ئەوانیش زانکۆی Technion و زانکۆی Hebrew ن، ئەو دوو زانکۆیە بەردەوام بلیمەتەکان و زاناکانی جیهان بانگهێشت دەکەن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان لەلای ئەوان...

لە کۆتایی نوسینەکەم دەڵێم بە بۆچوونی من کلیلی سەرکەوتنی هەر کارێکی مەزن و گەورەش لەهەموو دونیا دوو خاڵە، یەکەم دڵسۆزیە له ئەنجامدانی کارەکەت و دووەم خۆشەویستیە بۆ وڵات و نەتەوەکەت، هاوڵاتیانی ئیسڕائیل هەردوو مەرجیان پێکاوە لەکاتی سپاردنی هەر ئەرکێک پێیان...

لەوانەیـە زۆر خاڵ و هۆکـاری تریـش مابێت ئامـاژەم پێنەکردبێت، بەڵام ئەوانەی سەرەوە خاڵە گرنگـەکانی بەهێزی و پێشکەووتنی وڵاتی ئیسڕائیل بوون...