قەیران لە پەرلەمانەوە

عارف قوربانى


09/05/2020

 

رۆژ لە دوای رۆژ خەریكە ئەم تێگەیشتنە فراوانتر دەبێ كە بەشێك لەو رووداوانەی كوردستان دروستكراوی بە مەبەستن، یان كە هەندێك رووداوی بچووك هەن و زۆر زیاتر لە قەبارەی خۆیان گەورە دەكرێن، بە پلان و بەرنامە وادەكەن بۆ ئەوەی رای گشتی بەم بابەت و پرسە لاوەكییانەوە سەرقاڵبكرێن، بە ئامانجی لەبیربردن یان دوورخستنەوەی سەرنجی خەڵك لە ئەسڵی كێشەكان. ئەوەی لەگەڵ پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر كرا، یەكێكە لەو نموونانەی كە دەبێ خۆمان بخەینە بەردەم ئەو پرسیارەی، ئەمە چ بوو روویدا؟

سۆران لە دەرەوەی دانیشتنی پەرلەمان لە دیداری تەلەڤزیۆنی باسی ئەوەی كردووە كە سەرۆكی حكومەت تێكەڵی كاری بازرگانی بووە. بە تێگەیشتنی پارتی، سۆران عومەر تەشهیری بە سەرۆكی حكومەت كردووە، هەواڵی ناڕاست و تۆمەتی ناڕەوای بۆ دروستكردووە. لە بەرانبەر ئەمەدا پارتی دوو رێگەی ئاسانی لەبەردەم بوو بیانگرێتەبەر و كەسیش لۆمەی نەدەكرد، یەكەم دەیتوانی وەڵامی بداتەوە بە خستنەڕووی راستییەكان و لەكوێ چەواشەكاری كردووە، بە درۆی بخستایەتەوە. رێگەی دووەمیش ئەوەبوو دەكرا بیداتە دادگا.

بوونی پارێزبەندیی پەرلەمانی نەیدەتوانی رێگە لەوە بگرێت سۆران عومەر پەلكێشی دادگا بكرێت، ئەگەر لە دادگاش نەیتوانی بەڵگەی سەلمێندراو بخاتەڕوو بۆ دروستی قسەكانی، بەپێی یاسا حوكمەكەی سزای داراییە و دەكرا ئەو حوكمەی بەسەردا بچەسپێندرێت. خۆ ئەگەر پارتی بەمە رازی نەبووایە و حەزی لێبووایە سۆران زیندانی بكرێت، با كەیسەكە لە دادگا بەكراوەیی بمایاتەوە تاوەكو تەواوبوونی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان. چ پێویستبوو ئەوە بكات كە رۆژی 7ـی ئایار لە پەرلەمان كردی. بەتایبەتیش پێشتر ئەم رێگەیە بە كەمینە و زۆرینە بۆ تێپەڕاندنی هەندێ بڕیار و یاسا لە پەرلەمان تاقیكراوەتەوەو هەموو جارێكیش كێشەی بەدوای خۆیدا هێناوە و هیچ كێشەیەكی چارەسەرنەكردووە، ئیتر حیكمەت لە دووبارە كردنەوەی چ بوو؟

پارتی ئێستاش پێیوایە ئەوەی لە 23ـی حوزەیرانی 2015 لە پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا بۆ گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، خراپترین بژاردە بوو، باوەڕی وایە هەموو ناكۆكییە سیاسییەكانی پێنج ساڵی رابردوو، لێكەوتەی ئەو هەڵەیەی پەرلەمانە. هەرچەندە پرسی لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر و كێشەكەشی لە دادگا، كێشەیەكی بچووكە و بەراورد ناكرێت بەو كێشانەی ئەوكات لە پرسی گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا هەبوون، بەڵام كە زەوینەی بۆ خۆشكرا، دەنكە شقارتەیەك ئاگر لە پانتاییەكی گەورە دەكاتەوە.

چاوەڕوانكراوە ئەم بڕیارەی پارتی لە پشتگوێخستن و فەرامۆشكردنی نیوەی پەرلەمان، پێشهاتی سیاسی خراپتر بێنێتە پێش وەك لەو لێكەوتە خراپانەی هەوڵەكەی یوسف محەممەد دروستیكرد.

ئەوە نووكتەیەك دەگێڕنەوە، ئەوكاتەی باوی سینەمابوو، كۆمەڵێك گەنج پێكەوە گرووپێك دەبن، یەكیان داوا لە هاوڕێیەكانی دەكات پێكەوە بچن بۆ سینەما، هاوڕێیەكانی ناچن، خۆی بە تەنیا دەڕوات. دوای بینینی فیلمەكە دێتەوە و بەتامەزرۆییەكی زۆرەوە دیمەنەكان بۆ هاوڕێیەكانی دەگێڕێتەوە، ئەوەی ئەم لە فیلمەكەدا كردوویەتی بە پاڵەوانی خۆی لە دیمەنێكی ئازار بەخشدا چەند چەكدارێك دوای كەوتوون، ئەمیش بە ئەسپەكەیەوە گەیشتووەتە كەناری رووبارێك و بڕیاریداوە لە ئاوەكە بپەڕێتەوە، بەڵام ئەو شوێنەی ئەم ویستویەتی لێیبدات، ئاوەكە بردوویەتی. بەگێڕانەوە و خەمی ئەم كوڕە بۆ لەدەستدانی ئەسپسوارەكە، ئارەزووی ئەوەیان بۆ دروستدەبێ بۆ رۆژی دواتر هەموویان پێكەوە بچنەوە بۆ بینینی هەمان فیلم. 

كاتێك دەچنە هۆڵی سینەماكە و چاوەڕێی دەستپێكردنی فیلمەكەن، ئەو هاوڕێیەیان داوایان لێدەكان با گرەوێك بكەین، من دەڵێم ئەمڕۆ لە ئاوەكە دەپەڕێتەوە، هاوڕێیەكانی لێی دەپرسنەوە ئەی تۆ ناڵێی دوێنێ بینیم و نەیتوانی بپەڕێتەوە؟ پێیاندەڵێ بەڵێ، وابوو، بەڵام من دەڵێم ئەمڕۆ دەتوانێ بگاتە ئەوبەری ئاوەكە، فیلم دەستپێدەكات و هەمان دیمەنەكانی رۆژی پێشووتر كە هاوڕێیەكەیان بۆی گێڕابوونەوە، دەبیننەوە، ئەسپسوارەكە ئاوی رووبارەكە دەیبات، لە هاوڕێیەكەیان دەكەنە هەرا گرەوەكەت دۆڕاند. یەكیان پێیدەڵێت، باشە تۆ رۆژی پێشتر هەمان دیمەنت بینی، بە چ عەقڵێكەوە واتزانی لە دووبارە بینینەوەی، ئەنجامەكەی جیاواز دەبێ؟ دەڵێ من قەناعەتم وابوو ئەو سوارە كە دوێنێ ویستی بەو شوێنەی رووبارەكەدا بپەڕێتەوە و نەیتوانی، ئەمڕۆ رێگەكەی دەگۆڕێت، نەمزانی ئەزموون لەو هەڵەیە وەرناگرێ كە دوێنێ بەسەری هات.

جا ئەوەی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كردی، دووبارەكردنەوەی هەمان ئەو كارەی 23ـی حوزەیران بوو كە كاروانەكەی لە رووبارەكە نەپەڕاندەوە.

لەوەش جێگەی سەرسووڕمانتر ئەو قسانەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بوو لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئاراستەی كرا ئایا ئەم بڕیارە كارناكاتە سەر پەیوەندی پارتی و كۆمەڵی ئیسلامی؟ لە وەڵامەكەیدا بەتەنزەوە كەوتە هەڵدانەوەی ناكۆكی و كێشە كۆنەكانی نێوان یەكێتی و بزووتنەوە و كۆمەڵی ئیسلامی، چ پێویستبوو لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، یەكێتیش پەلكێشی ناو ململانێیەكان بكرێت و ئەو لێكەوتانە بەدوای خۆیدا بێنێت كە لە راگەیێندراوی فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و تێكچوونی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولا بینیمان، بەدڵنیاییەوە پێشهاتی خراپتریش بەدوای خۆیدا دێنێت.

جا نازانم ئەم كارانە بەمەبەستە و دروستی ئەو تێگەیشتنەیە كە دەگوترێت لە كوردستان قەیران دروستدەكرێت بۆ گۆڕینی سەرنجی خەڵك و لەبیربردنەوەی كێشە بنەڕەتییەكان، یاخود نووكتەی سینەماكەیە؟