ئیتر كاتی كەركووكە

عارف قوربانى


16/05/2020

وا نزیك دەبێتەوە لە سێ ساڵ، گرنگترین پۆستی بەڕێوەبردنی كەركووك وەك پشكی كورد، كە پارێزگاری شارەكەیە بەچۆڵی ماوەتەوە. تاكە پارێزگایە لە عێراق ئەم ماوە دورودرێژە بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێت.
 
لە ماوەی ئەم نزیكەی سێ ساڵەدا بە ئەندازەی دوو دەیەی رابردوو سیاسەتی بە عەرەبكردن پەرەی پێدراوە، لە پاڵ پرۆسەی بەعەرەبكردندا، بەشیعەكردن (تشیوع) وەك ستراتیژێكی تازەی سیاسەتی بە عەرەبكردن لەم شارە بە چڕی بەڕێوەدەبرێت.
 
رێكارەكانی دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك ئێستا بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە، گۆڕاون و لەم قۆناخەدا ئاسانتر بوون. پێشتر بەپێی دەستور و یاسا پارێزگار لەناو ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرا، كورد بەو حوكمەی لەكۆی 41 كورسی، 26 كورسی ئەنجوومەنەكەی هەبوو، دەیتوانی بە زۆرینە ئەم پرسە یەكلابكاتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و رەنگدانەوەی ئەم ناكۆكییانە لەسەر لیستی برایەتی كەركووك، نەتوانرا ئەم بابەتە لە ئەنجوومەنی پارێزگا یەكلابكرێتەوە.
 
پارتی كە زۆرینەی ئەندامەكانی لیستی برایەتی پێكدەهێنا، بایكۆتی ئەنجوومەنیان كردبوو، تاوەكو ساتی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنەكەش نەگەڕانەوە بۆ كەركووك. توركمان و عەرەبیش ئەم ململانێ و ناكۆكیانەی نێوان كوردیان وەك دەرفەتێك قۆستەوەو رێگەیان نەدا ئەو پۆستە بدرێتەوە كورد. لە ساتێكی درەنگوەختیشدا كە پارتی و یەكێتی رێككەوتن بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد، ئەوكات دوو نەتەوەكەی دیكە بڕیاریاندا بایكۆتی هەر دانیشتنێكی ئەنجوومەن بكەن ئەگەر بۆ پرسی دانانی پارێزگار سازبكرێت. لەبەر ئەو هۆكارانە دانانی پارێزگار تاوەكو ئەو ساتەی لە دەستی كورد خۆیدابوو، نەكرا، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش دەسەڵاتی یەكلاكەرەوە بۆ دانانی پارێزگار كەوتەوە دەست بەغدا.
 
هەرچەندە كورد لە بەغداش پەیوەست بەم پرسە لە جومگەكانی حوكمڕانی بەشداربوون و ئەگەر یەك هەڵوێست بووان دەتوانرا لە بەغداشەوە ئەم كێشەیە بە قازانجی كورد یەكلابێتەوە. چونكە دوای نەمانی ئەنجوومەنەكان سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار دەیانتوانی بە دامەزراندن كوردێك بكەنە پارێزگاری كەركووك، بەڵام ململاێی نێوان دوو هێزە سەرەكییەكەی كورد، دەستی نوێنەرەكانی لە بەغداش كەلەپچە كردبوو.
 
هەروەها ناكۆكی نێوان سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار، بەدوای ئەوەشدا دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران، ئەمانە پێكەوە كۆمەڵێك گرفتبوون كە كورد نەتوانێ، بەئاسانی بەسەریاندا زاڵبێت و پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە.
 
ئەم ماوەی سێ ساڵەش ستراتیجێكی نوێی ئازاردانی كورد لە بەغداوە بەرامبەر كەركووك بەڕێوەدەبرێت. لەسەر ئەرزی واقیعیش گرووپی چەكداری داعش و حەشدی شەعبیش ئاو دەكەنە ئاشی پاكتاوی رەگەزی كورد. 
 
بەپشتیوانی حەشد و سوپای عێراق عەرەبێكی زۆر هێنراونەتە سەر گوندنشینەكانی كورد و سەر گوندەكانی كورد، ئیدارەو دادگای كەركووكیش یارمەتییان دەدەن لە دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری جوتیارانی كورد، ئەو كوردانەش كە هێشتا زەویوزارەكان بەدەستی خۆیانەوە ماوەتەوە، لە وەرزی دروێنەدا چەكدارانی داعش ئاگر لە خەلەو خەرمان و بەرهەمەكانیان بەردەدەن. ئامانجی هەردوولاشیان ئەوەیە كورد ئەو ناوچانە چۆڵبكات كە وەك پشتێنەیەكی ئەمنین بۆ كەركووك.
 
دانانی كوردێك بە ئامانجی خزمەتكردنی پڕۆژەو ستراتیجی كورد بۆ پارێزگاری كەركووك، زۆر لەو هەڕەشەو مەترسییانە رادەگرێت، دۆخی كەركووكیش بە بەرژەوەندی و پەیوەستبوونەوەی كورد بە خاكەكەیەوە دەگۆڕێت. بۆیە نابێ كورد لەهیچ دۆخ و دەرفەتێكدا ئەم پرسەی لەبیر بچێتەوە.
 
ئێستا بەهۆی دروستكردنی كابینەی تازەوە لە بەغدا دەرفەتێكی دیكە بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە كە بە ئاسانی بەسەر ئەو گرفتانەی پێشوویدا زاڵبێ و بتوانێ پارێزگار بۆ كەركووك دابنێت. ئەویش لەدوای ئەو كێشەو گرفتانەی پێشووتر لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی حكومەت بوون، ئەنجامەكەی بە قازانجی كورد كەوتەوە كە كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینە حكومەت رابسپێردرێت وەك ئەوەی بژاردەی كوردبێت، نەك هەر ئەوەش، بەڵكو نزیكی و وابەستەیی كەسێتییەكەی بەخودی سەرۆككۆمارەوە كە ساڵانێكی زۆر لە دەزگا میدییاییەكەی كاریكردووەو تەرویجی بۆ سیاسەتەكانی دەكرد، وایكردووە كە بەناڕاستەوخۆ كورد خۆی حوكمی بەغدا بكات.
 
بۆ خودی د.بەرهەم ساڵحیش دەرفەتێكی زێڕینە ئەم كێشەیەی كورد لە كەركووك چارەسەر بكات و كۆتایی بەو زوڵم و زۆردارییە بێنێت كە لەسەر كورد هەیە، لە داگیركردنی گوندەكان و زەوتكردنی زەویوزاری جوتیارانی كورد، لە مەحرومكردنی گەنجانی كورد لە دامەزراندن، لە رێگریكردن لە دورخستنەوەی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی كورد لەنێو فەرمانگەكان. لە راگرتنی ئەو ستراتیجە هاوبەشەی نێوان حەشد و داعش لەپیادەكردنی پاكتاوی رەگەزی بەرانبەر بە كورد.
 
ئەو ئێستا دەتوانێ كوردێك بكاتە پارێزگاری شارەكە، سەرۆكوەزیران پێچەوانەی هیچ بڕیار و هەڵوێستێكی سەرۆككۆمار نابێ لە پرسێكی لەم شێوەیەدا، ئەمەش بۆ كورد و كەركووك و سەرۆككۆماریش گرنگە. رەنگە لە داهاتوودا دەرفەتی دیكەی هاوشێوە دروستنەبێتەوە، وەك چۆن پێشتریش هەلی لەم جۆرە نەڕەخساوە. لە هەردوو خولی سەردەمی بەهەشتی تاڵەبانی و لە چوار ساڵی دەورانی فواد مەعسومیشدا، لایەنە شیعیەكان كەسانێكیان دەكردە سەرۆكوەزیران كە هێزو توانای دروستكردنی گرفتیان هەبێت لە بەردەم سەرۆككۆماردا. هەشت ساڵی سەرۆكایەتی مام جەلال، نووری مالیكی سەرۆكوەزیران بوو، بەهێزترین كارەكتەری شیعی بوو لە حوكمڕانی، سەرۆككۆماریش هەمیشە دوو جێگری لە شیعە و لە سوننەش هەبوو، بەپێی رێكارە دەستوورییەكانیش دەبوو بڕیارەكان بە رەزامەندی سەرۆك و هەردوو جێگرەكەی بن، كە ئەوەش لەمپەری گەورەبوو لە بەردەم مام جەلال، بەڵام لەگەڵ ئەو كۆسپانەشدا ناتوانرێ رۆڵی مام جەلال لە پرسی كەركووك لە بەرچاونەگیرێت، خزمەتی زۆری بە كەركووك كرد.
 
ئێستا سەرۆككۆمار ئەو رێگرییە یاسایی و دەستووریانەی لەبەردەم نەماوە، سەرۆكوەزیرانیش نەك نەیار و ناكۆك نییە لەگەڵی، بەڵكو وەك كارەكتەرێكی تیمەكەی خۆی پەرۆش و دڵسۆزە بۆ سەركەوتنی سەرۆككۆمار، كەواتە ئەرك و بەرپرسیارێتییەكەی سەرۆككۆماریش لە پرسی كەركووكدا زۆر گەورەترە لەو بەرپرسیارێتیەی قۆناخەكانی رابردوو، بۆیە دەبێ بەئەركی خۆی هەستێ و یەكەم كارێكیش لە رێگە ئاسانەكەوە دەستپێبكات كە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگارە لە دەستی تەعریبچییەك و دانانی كوردێكی دڵسۆزە بە پارێزگاری شارەكە. ئەمەش یارمەتیدەردەبێ بۆ هەنگاوەكانی دیكەی داهاتوو كە سەرۆككۆمار بتوانێ رۆڵی هەبێ لە جێبەجێكردنی رێكارە دەستوورییەكان بۆ چارەسەری كێشەی كەركووك.