بژاردەی سەرەکی و یەکەم بۆتێپەڕاندنی ئەم دۆخە هاتنە سەر خەتی کاک مەسعود بارزانی یە!!؟

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی


01/07/2020

بژاردەی سەرەکی ویەکەم بۆتێپەڕاندنی ئەم دۆخە پڕقەیراناویە،هاتنە دەنگ وهاتنە سەر خەتی بەڕێز کاک مەسعود بارزانی یە!!؟
وەک کوڕە کوردێکی سوتاو بۆ ئایندەی ئەم هەرێمە، بگرە کوردستانیانی هەموو دونیا بە پەنجا ساڵ تەمەنەوە ،کەبەشی خۆم(هەوراز ونشێو،ساردی وگەرمی،کونەتەیارە وئەنفال وکیمیاباران وکۆڕەو،ئاوارەیی وماڵ سوتان ،کارەسات وزۆربەی شەڕە کانی ناوخۆو ناو ووڵات )م بینیوە ئەم پێشنیارە دەخەمەوە ڕوو:-

لەم دۆخە شێواوەی هەرێم(قەیرانی ئابوری وبێموچەیی،خۆگیڤ کردنەوەکانی کازمی وبەغدادی سەنتەر،شەڕپێ فرۆشتنەکانی تورکیاو ئێران ،دۆخی کارەساتباری ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وسەرهەڵدانەوەی داعش وتوندبونەوەی تەعریب،پەرتەوازەیی هێزەکوردستانیەکان،بێ متمانەیی گەل بە حکومەتەکەی،زۆربونی دیاردەکانی خۆکوشتن وجیابوونەوە وهەڵوەشاندنەوەی خێزانی کوردی،بێ هیوایی وبێکاری گەنجان وپیربون وقەیرە بوون هاوسەرگیریەکیان بۆ پێک ناهێنرێت، رەشبینی نەوەی نوێمان،،نەخۆشی وپەتای کۆرۆنا)ودەیان کێشەی تر کە یەخەی بە هەرێم وماڵ بەماڵی کوردەواری گرتوە.
چارەسەر ئەوەیە ڕێزدار( کاک مەسعود) بەیاوەری( کاک نێچیرڤان )و(کاک مەسرور)تەشریف بێن بۆ (سلێمانی)وکاتی خۆی ( خوالێخۆشبوان مام جەلال وکاک نەوشیروان سەردانی (پیرمام)یان کرد وبۆ ڕۆژی خۆی کارێکی گەورە بووکە تەبایی بەدوای خۆیدا هێنا،ئەمجار نۆرەی کاک مەسعود بارزانی یە)وئەم کارانە ئەنجام بدات:

١/تەشریف بەرن بۆ سەرمەزاری خوالێخۆشبوان مام جەلال وکاک نەوشیروان وفاتیحایەک بۆ ڕوحیانەتیان بخوێنێت ،دڵنیام یادەوەری ڕۆژانی ڕابردوو بەتاڵی وشیرینیەوە دەکەنەوەو کاریگەری ڕوحی بۆ ئێمەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی دەبێت.
٢/دوایی تەشریف ببەن بۆ مزگەوتی گەورەو مەزاری کاک ئەحمەدی شێخ ئەومزگەوتەی ساڵی ١٩٩٢ یەکەم جار ڕوفاتی خوالێخۆشبوان (مەلامستەفای بارزانی وکاک ئیدریس) هێنرانەوە مزگەوتی گەورەی شاکارە مەزنەکەی بابانیەکان .
٣/پاشان کۆ بونەوەیەکی پێنج قۆڵی بەسەرپەرشتی کاک مەسعود لەمزگەوتی گەورەو لەسەر مەزاری کاک ئەحمەدی شێخ ئەنجام بدەن، کە هەرچوار کوڕو برازاکانی خۆی(کاک پاڤێڵ وکاک مەسرور وکاک لاهور وکاک نێچیرڤان ) ئامادەبن،گەر پێویستی کرد داوا لە بەڕێز(هێرۆخانم) بکات(گۆچانە)کەی مام جەلال لەگەڵ خۆی بهێنێ ،،،چونکە ئەو شاهیدیە لەدونیاو بارەگای خودا لەقیامەت دەدەم،لەسەردانێکی دووساڵ لەمەوپێشی ڕێزدار مامۆستا سەڵاحەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کە بەندە لەخزمەتیا بووم بۆلا ی (هێرۆ خانم)ووتی(هەتا من لەژیاندا بمێنم نابێت شەڕی ناوخۆ ڕووبداتەوە)لەسەر مەزاری کاک ئەحمەدی شێخ کۆتایی بەکێشەکان بهێنرێت ودواتر پێکەوە ئەم هەنگاوانە بنێن:
١/پارتی ویەکێتی هەریەکەیان دووملیار دۆلار بهێنن پارەی حزب وکۆمپانیا وکاربەدەستەکانیان (کەبەدڵنییاییەوە هەیانە)وبیکەنە مژدە بۆ خەڵکی کۆسکەوتووی کوردستان،لەبەرە جەژنی قوربان کە بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرین ونائومێدتان ناکەین ، لەلایەکی تر هێمای قوربانیدانە بە بەرژەوەندیە کەسی وحزبیەکان بۆ سوودی گشتی.
٢/بڕیاری چاکسازیەکی گشتگیر وڕاستەقینەی بێ پێچ وپەنا لەسەرجەم جومگەکانی حوکمڕانی،هەردوو حزب لەخۆیانەوە دەست پێبکەن تاببنە سەرمەشقێک ومێژوو تۆمار بکەن لەسەردەمی نائومێدیدا.
٣/ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی فراوان لەسەرجەم حزبە کوردستانیەکانی هەر چوار پارچە ی کوردستانی دڵی گەورە بۆ دانانی ستراتیژی نەتەوەیی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم ودوورخستنەوەی مەترسیەکان لێی وکۆتایی هێنان بەشەرو خوێن ڕێژی لەنێوان حکومەت وهەرچوار گەلی فارس وتورک وکورد وعەرەب وداواش لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی ونەتەوە یەکگرتوەکان ویەکێتی ئەوروپا وکۆمکاری عەرەبی و ووڵاتانی ئیسلامی بکرێت چاودێر وهاوکاربن بۆ هێنانەدی ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر بنەمای (ڕێزو ماف وبەرژەوەندی هاوبەش).
بەڕێز کاک مەسعود بارزانی بەم هەنگاوانە دڵی کوردستانیان وئاشتی خوازانی هەرێمی وجیهانی خۆش دەکات و خودای گەورەش بەپێی نیەت وکۆشش هاوکارو پشتیوانمان دەبێت،چونکە قەوارەی هەرێم وگەلی کوردستان وهەمووهێزەکان بەگشتی وخودی( پارتی ویەکێتی)ش بەتایبەت لەبەردەم تەنگژەدان ولەم دۆخە پڕ کێشەو نائومێدیەدا کەلەسەدساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبوە ،چونکە ئەمجارە خۆمان سەبەبکارو هۆکاری ئەوەڵ وئاخرین.
ئەم کلیلە لەدەستی کاک مەسعودایە دەرگای ئاشتی وهیوای پێ بکاتەوە،چونکە وەک بەڕێز (مامۆستا محەمەد فەرەج)ئەمینداری پێشووی یەکگرتوو لەدیدارێکدا بەکاک مەسعود ی فەرمووبوو(کێشەی ئێوەی سەرکردەکان وحزبەکان (دوژمنایەتی)نیە بەڵکو(حەساسیەتە)دەنا چلۆن کێشەکان بە(٦٤)کۆبونەوەی هاوبەشی لیژنەی پارتی ویەکێتی لە(پیرەر)چارەسەر نەبێت کەچی بەیەک سەردانی بەڕێز مام جەلال چارەسەرببێت).
گەر ئەم بژاردە نەگیرایە بەر، بژاردەی دووەم وسێ یەم هەن ،بەڵام ئەوکات بەداخەوە گرێکان لەدەستەوە دەکەونە ددان.
خودایە سەرکردەو کاربەدەستانمان هاوکارو کۆمەک بکەیت بۆ خێرو خۆشی وچاکەو بەرژەوەندی گەلی کوردستان وکۆتایی بەسەر جەم ناخۆشی وناتەباییەکانمان بهێنی.
شاد کردنی گیانی شەهیدانی بزاڤی ڕزگاری خوازی گەلەکەمان لەسەد ساڵی ڕابردوو،داخوازی ئەم هەنگاوەمان لێدەکات.

خزمەتکار
ئەبوبەکر هەڵەدنی
١ی تومووزی ٢٠٢٠