نامە ئاگرینەكە بۆ ئەمەریكاو ھەرێم؟

ئەبوبەكر عەلی


26/06/2021


ھەواڵ وزانیاریەكان باس لەئاراستەكردنی موشەك بۆ نزیك سەری رەش وبینای نوێی كونسوڵخانەی ئەمریكا لەنزیك ھاوینەھەواری پیرمام دەكەن. ئەمەش تەنھا دوای چەند ڕۆژێكی كەم لە ھەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئێران و دەرچونی (ڕەئیسی) ییەوە دێت، ھەروەھا ھاوكاتە لەگەڵ  مانۆڕی سەربازی حەشدی شەعبی لەپارێزگای دیالە، كەسەرۆك وەزیرانی عێراقیش بۆ دەستەبەركردنی ڕوپۆشی یاسایی وفەرمی بۆ مانۆڕەكە بەشداری تێدا كرد.( كەلەڕوانگەی خاوەن پەیامەوە نابێت ڕۆڵی كازمی لەپیوەندی بەحەشدو  چۆنێتی كاركردنیەوە، لەوە تێپەڕێت و لەووەزیفە دەرچێت بۆی دیاریكراوە؟!)

خاوەنی پەیامەكە ئەمریكیەكان وبارزانیش ھوشیاردەكاتەوە لەوەی، پێویستە چی بكەن وچی نەكەن. وەچۆن سەیری جۆری مامەڵەكان لەداھاتودا بكەن. مانۆڕەكەی حەشدیش لەمڕۆدا ئاماژەیە بەپێگەی ئەم ھێزە لەقۆناغی داھاتوو سروشتی ململانێكانی، ھەروەھا نائومێدكردنی ھەموو ئەوانەیە گرەو لەسەرلاوازكردنی حەشد دەكەن لەڕێی كازمی و شەرعیەتی دەوڵەتەوە.

 نامەكە چەند پەیوەستە بەناوخۆی عێراق وھەرێمەوە ھێندەش ئاراستەی ئەمریكاو ئیسرائیل وكەنداوو گفتوگۆكانی جنێف كراوە، پێداگرتنە لەسەرئەوەی ملنەدانی ئەمەریكا بۆدیدی ئێرانی لەگفتوگۆكاندا، یەكسانە بەناچاركردنی ئەمەریكا بۆدەرچون لەعێراق، ھەروەھا ڕەتكردنەوەی ئەوداخوازییە كە كارلەسەرئەوە دەكات، توانا موشەكیەكانی تاران ونفوزی لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاست ولەوانەش لەعێراقدا،  بكاتە بەشێك لە گفتوگۆكانی ڤیییەنناو پێشمەرجی خۆرئاوا بۆ ھەڵگرتنی گەمارۆ ئابورییەكان وكاراكردنەوەی ڕێكەوتنەكە.لەڕوێكی ترەوە گرێدراوی ئەودۆخەیە كەلە  كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكاو ناتۆ ئەفغانستاندا كەوتۆتەوە و بەشێكی گرنگی پەیوەستە بە ئێران وھاوپەیمانەكانیەوە؟