ئەفسانەی ڕاستی و درۆ.. دەرسێك بۆ ژیان

بڵێسە جەبار فەرمان


01/04/2022


ئەفسانەی درۆو ڕاستی باس لەوە دەكات ڕۆژێك ڕاستی و درۆ بەیەكدەگەن، درۆ بە ڕاستی دەڵێت 'ئەمڕۆ ڕۆژێكی زۆر جوانەو كەش و ھەوا زۆر دڵگیرە'.

ڕاستی بەگومانەوە چاو دەگێڕێت و چاوەكانی بۆ ئاسمان بەرزدەكاتەوەو دەبینێت كە ھەتاو دەدرەشێتەوەو ئاسمان ساماڵەو كەشوھەواكەی خۆشە.

لای سەیرە كە درۆ، ڕاستی كرد.

دواتر پێكەوە بڕیار دەدەن ئەو ڕۆژە بەیەكەوە بەسەر بەرن.

درۆ ڕوو دەكاتە ڕاستی و پێی دەڵێت 'ئاوی ناو بیرەكە گەرم و سازگارە با دابەزینە ناو بیرەكە و مەلە بكەین'.

دووبارە ڕاستی بە گومانەوە سەیری درۆی كردو دواتر سەیری ئاوی بیرەكەی كردو دەستی تێڕادا و بینی بەڕاست ئاوەكەی سازگار و خۆشە بۆ مەلە.

بڕیاریان دا پێكەوە لە بیرەكە مەلە بكەن. جلوبەرگەكانیان داكەنی و چوونە ناو بیرەكەوە.

لەناكاو درۆ لە بیرەكە ھاتە دەرەوەو جلوبەرگی ڕاستی لەبەركرد و بەپەلە رایكردو رۆیی.

ڕاستی زۆر بە توڕەییەوە لە بیرەكە ھاتە دەرەوەو ھەوڵی دا دوای درۆدا بكەوێت و بیگرێت.
 
كە خەڵكی ڕاستییان بە ڕووتی بینی زۆر تووڕەو ناڕەحەت بوون و ڕووی خۆیان لێی وەرگێڕا.

ڕاستی ناچار بوو بگەڕێتەوە ناو بیرەكەو خۆی حەشار بدات.

لەو ڕۆژەوە تا رۆژگاری ئەمڕۆمان درۆ بە جیھاندا دەگەڕێت و بەرگی ڕاستی لەبەرە.

مرۆڤەكان بەخۆشحاڵییەوە ھەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكەن و خۆیانی لەگەڵ ڕاھێناوەو قبوڵی دەكەن. لەھەمان كات دا ڕاستیی گەر ھەوڵی دەركەوتنەوەو سەرھەڵدان بدات و  بە رووتی بێتەوە بەردەمیان، ئەوا بەو پەڕی توڕەییەوە خەڵكی بەرەنگاری دەبنەوەو قەبوڵی ناكەن!.

" ئەم ئەفسانەیە حیكمەتێكی گەورەیە، 
ڕۆژگاری ئەمڕۆمان پڕن لەو كەسانەی بەرگی ڕاستییان پۆشیوەو خۆیان بە فریادرەس نیشان ئەدەن.

زۆر كەس پڕن لە درۆو لەبەرگی ڕاستیا خۆیان دەرئەخەن، بەداخەوە زۆر راستیش لەبنی ماڵ و لە تەنیایا ماوەتەوە. درۆ دەوردراوە بە قەرەباڵغ خەڵك و ڕاستییش خۆی حەشارداوەو لەتەنیاییدایە، بەڵام رۆژێك ھەر دێ ڕاستی بێتەوە ناو خەڵك و درۆش بەرگی ڕاستی لێ رابماڵرێت"