سەنگەر عبدالصمد
12/04/2022
چەند رۆژێكە لێرەو لەوێ و لە بەشێك لە راگەیاندن و سۆشیال میدیای ئاراستەكراو هەوڵی چەواشەكاری داستانی گەورەی كۆرێ دەدرێ ، لەسەرەتاوە نەمویست هیچ شتێك بڵێم و بنوسم ، چونكە شێوازی شەڕەكە و سەركردایەتی كردنی شەڕەكە و بەرهەمی شەڕەكە بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان زۆر دیار و روونە .
بەڵام بەداخەوە كاتێك كادیرێكی پارتی بەناوی عومەر عوسمان دەیەوێ مێژووی ئەو داستانە چەواشە بكات و ناوی كاك كۆسرەت دەهێنێت بۆ چەواشەكاریەكانی ، هەر بۆیە بە پێویستم زانی بەچەند دێڕێكی كورت بیر عومەر عوسمان و هەموو ئەوانەی وەكو ئەو ئاراستەی چەواشەكاری دەكرێن بهێنمەوە .
هەموو خەڵكی كوردستان و تەواوی میللەتەكەمان باش دەزانن سەركردایەتی داستانی كۆڕێ و سەرپەرشتیاری راستەوخۆی ئەو داستانە ( كاك كۆسرەت ) بوو ، كاتێك میحوەری جەنگەكە دابەشی سەر دوو بەرە دەكرێ ، بەرەی ڕۆژئاوای كۆڕێ بەر پارتی و حزبی شیوعی و بزووتنەوەی سۆشیالیست دەكەوێ ، هەروەها دیوی ڕۆژهەڵاتی كۆڕێ بەر یەكێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی و مەفرەزەیەكی زەحمەتكێشان دەكەوێ .
بەڵام زۆر بەداخەوە بەری ڕۆژئاوای كۆرێ كە هێزەكانی پارتی و عومەر عوسمان لەوێ بوون ، هەر لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕەكە و بەبێ هیچ بەرگریەك شوێنەكانی خۆیان چۆڵ دەكەن و بەئاسانی رژێمی بەعس شوێنەكانی ئەوان دەگرێت ، بۆیە جگە لەبەرەی ڕۆژهەڵات كە بەر یەكێتی كەتبوو كاك كۆسرەت زۆر بەپەلە و راستەوخۆ هێزی یەكێتی بۆ بەرەی ڕۆژئاواش دەنێرێ و شوێنی ئەو ڕەبیانەی كە بەر پارتی كەوتبوو جارێكی تر دەگرێتەوە .
هەمووان باش دەزانن داستانێكی گەورەی وەكو كۆڕێ و دەست بەسەرداگرتن و تێكشكاندنی چەندین تانك و دەبابە و زریپۆش و تێكشكاندنی دوژمن و بەجێهێشتنی چەندین تەرمی دوژمن بەئاسانی و بەبێ فیداكاری و شەهید بوون نابێت .
بۆیە لێرەوە دەپرسم كاك عومەر عوسمان زەحمەت نەبێ ئەگەر پێمان بڵێی ناوی شەهیدانی ئەو داستانە كێن و ئایا كەسیان پارتی بوون ؟
دەزانم هیچ وەڵامێكت نییە بۆیە بابیرت بێتەوە ئەو داستانە بە خوێنی یازدە پێشمەرگە و رۆڵەی قارەمانی گەلەكەمان تۆمار كرا ، كە نۆیان پێشمەرگە و كوری یەكێتی و دوانیان بزووتنەوەی ئیسلامی بوون .
هەروەها بەڕێز كاك عومەر خۆتان باش دەزانن بەرهەمی ئەو داستانە هێندە گەورە بوو چۆكی بە رژێمی بەعسی سەدەی ڕابردوو داو بۆ هەتاهەتایە لە كوردستان وەدەرنران و ناچار بە پاشە كشەكردن كران ، هەرچەندە بەرهەمی ئەو داستانە زۆری وەكو ئێوەی هێناوەتە سەر حازری و بەئاسانی دەتانەوێ مێژووی ئەو داستانە چەواشە بكەن .
لەكۆتایی بیری كاك عومەر عوسمان دەهێنمەوە ، بەهەڵە مەچۆ و مێژوو چەواشە مەكە ، چونكە ئەوە كاك مەسعود بوو سەرزەنشتی ئێوە و تەواوی هێزەكانی پارتی كردبوو ، هەروەها دەستخۆشی زۆری بۆ كاك كۆسرەت و هێزەكانی شەركەری داستانەكە دەربڕیبوو ، گوتبووی كاك كۆسرەت هەمووانت شەرمەزار كرد و خۆت و پێشمەرگەكانت جارێكی تر سەلماندتان كوڕی رۆژی تەنگانەن بۆ بەرگری و سەربەرزی گەلەكەتان .
ئیتر قسەی تر زۆرن بۆ ووتن بەڵام لە ئێستادا هەر ئەوەندە بەسن .