شیکارێکی ورد بۆ یەکەم وێنەی تەلەسکۆپی جێمس وێب

لوقمان حەوێز


12/07/2022

 

ئەمە شیکار و وردەکاریەکی کورتە بۆ یەکەم وێنەی ڕەنگاوڕەنگ و وردی تەلەسکۆپی جێمس وێب کە دوێنێ ئێوارە بەرواری 2022/7/11 کاتژمێر 6:00 ی ئێوارە بەکاتی واشنتۆن لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا خرایەڕوو، وێنەکە لەڕێگەی کۆکردنەوەی تیشکەکانی خوار سورەوە چرکێنراوە لە چەند فریکوێنسیەکی جیاوازی تیشکەکانی خوار سور لەڕێگەی کامیرای تیشکە نزیکەکانی خوار سور NIR.Cam لەسەر تەلەسکۆپەکە کە بۆ ماوەی دوانزە کاتژمێر و نیو ئەو تیشکانەی کۆکردۆتەوە لەڕێگەی هاوێنەکانی تەلەسکۆپەکە...

ئەوەی دەیبینین قوڵترین دیمەنی گەردوونە، یەکەم وێنەی ورد و ڕەنگاوڕەنگی تەلەسکۆپی جێمس وێبە، قەبارەی ئەم وێنەیە کە من لێرە دامناوە 28 مێگابایتە، ئەگەر زوومێکی قوڵ بکەینە سەر وێنەکە ژمارەیەکی زۆر لە خاڵی ڕووناکی زۆر کز و تەڵخ دەبینین لەنێوان گەلەئەستێرەکان، ئەوانە یەکەم دیمەنی هەرە دورترین گەلەئەستێرەکان و هێشووە ئەستێرە سەرەتاییەکانی گەردوونن لە ئێمە کە تا ئێستا دەستمان کەوتبێت، دیمەنی گەلەئەستێرەکان و دیمەنی تەنەکانی گەردوونن هی پێش نزیکەی 13.6 ملیار ساڵ، واتە ئەو گەلەئەستێرانەی دوای دروستبوونی گەردوون دروستبوون بە نزیکەی 200 ملیۆن ساڵ...

پرسیار: ڕووبەری ئەم دیمەنە بۆ دید و چاوی ئێمە چەندە ئەگەر بەچاوی ئاسایی تەماشای ئەو شوێنەی ئاسمان بکەین..؟ دیمەنەکە هی کوێی ئاسمانە..؟
وەڵام: هەموو ئەو ڕووبەرەی لەم وێنەیەدا دیارە ئەگەر بەچاوی ئاسایی تەماشای ئاسمان بکەین هێندەی دەنکە لمێکە ئەگەر ئەو دەنکە لمە لەسەری پەنجەی دەستمان دابنێین و ڕووی لەئاسمان بکەین و قۆڵمان درێژ بکەینەوە تا دەتوانین، شوێنەکەش کەوتۆتە نێو هێشووە گەلەئەستێرەی SMACS.0723...

پرسیار: چی دەبینین لەم وێنەیە..؟ ئەو پەڵە ڕووناکانە چین و چەندە دورن..؟
وەڵام: لە وێنە بنەڕەتیەکە کە لەلای ناسایە و قەبارەکەی زۆر گەورەترە دەیەها هەزار گەلەئەستێرە و تەنی تەلخ و کز و هەروەها بریقەدار دەبینرێت، لەم وێنەیەش ئەگەر زۆر بە وردی زوومی بکەینە سەر، چەند هەزار پەڵەیەکی ڕووناک دەبینین، ژمارەیەک تەنی بریقەدار لە پێشەوەی وێنەکە دەبینرێن ئەوانە چەند ئەستێرەیەکی ڕێی کاکێشانن کە بەچاو نابینرێن بەڵام لەم دیمەنە دەردەکەون لەبەر ئەوەی کەوتونەتە نێوان تەلەسکۆپەکە و قوڵایی گەردوون، ئەوانەی تر کە پرشنگداریەکەیان مامناوەندیە هەموویان گەلەئەستێرەکانی نێو هێشووە گەلەئەستێرەی SMACS.0723 ن کە نزیکەی 4.6 ملیار ساڵی تیشکی دورن لە ئێمە، بەڵام ئەگەر زووم بکرێتە نێوان ئەو گەلەئەستێرانە ئەوا هەزارەها پەڵە ڕووناکی زۆر زۆر کز و تەڵخ دەبینین، ئەوانە گەلەئەستێرە هەرە دورەکانن، هەندێکیان هێندە دورن تیشکەکانیان تا ڕادەی  13.6 ملیار ساڵ پێش ئێستا بەڕێکەوتوون و ئێستاکە ئەو تیشکانە دەگەن بە ئێمە، واتە ئەو پەڵە ڕووناکیانەی لە وێنەکەدا دیارن 13.6 ملیار ساڵی تیشکی لە ئێمە دورن، بەڵام بێ گومان لەبەر کشانی بەردەوامی گەردوون لەو کاتەوە ئێستا ئەو گەلەئەستێرە هەرە دورانە هێشتا گەلێک لەوەش دورترن...

پرسیار: چۆن و بەچی ئەم وێنەیە چرکێنراوە..؟ چۆن ئەو گەلەئەستێرە و تەنە هەره دورانەی گەردوون لە وێنەکەدا دەردەکەون..؟
وەڵام: تەلەسکۆپی جێمس وێب توانایەکی بێ وێنەی هەیە لە کۆکردنەوەی تیشکەکانی خوار سور لەبەر دوری لە هەسارەی زەوی و مانگ، هەروەها لەبەر ئەوەی تەلەسکۆپەکە پشتی لەخۆرە و لەڕێگەی زرێپۆشێکی چەند چینی جیاکراوەتەوە بۆ ئەوەی بەساردی بمێنێتەوە، کامیرایەکی زۆر زۆر بەهێزی تیشکەکانی نزیک خوار سوریشی لەسەرە NIR.Cam کە لەڕێگەی هاوێنەکان تیشکە خوار سورەکان کۆدەکاتەوە، تیشکەکانی خوار سور زیاتر بڕ دەکەن بەبەراورد بەتیشکی بینراو بۆیە بواری بینینی تەنە هەرە دورەکانی نێو قوڵایی گەردوون لەڕێگەی تیشکی خوار سور زۆر زیاترە، ئاژانسی ناسا بۆ چرکاندنی ئەم وێنەیە هێشووە گەلەئەستێرەی SMACS.0723 ی هەڵبژارد بەمەبەستی بینینی گەلەئەستێرە و تەنە هەرە دورەکانی گەردوون چونکە ئەو هێشووە گەلەئەستێرەیە وەکو گەورەکەرێک کاردەکات بۆ گەورەکردنی تیشکەکانی گەلەئەستێرەکانی پشتەوە، واتە ئەوانەی زۆر زۆر دورن و لە قوڵایی گەردوونن، ئەم ڕێگەیە بۆ بینینی قوڵایی گەردوون پێی دەووترێت garvitational.lens...

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بەرواری 2022/7/12 کاتژمێر 5:30 ی دوای نیوەڕۆ بە کاتژمێری کوردستان ئاژانسی ناسا کۆمەڵە وێنەیەکی تریش بڵاو بکاتەوە لەگەڵ پێدانی زانیاری زیاتریش لەسەر ئەم وێنەیە...